خەوتنى هەرزەکارێک
بزانە چۆن؟
توێژینەوەیەک: 15 خولەک خەوى زیادە تواناى مێشکى هەرزەکاران باشتر دەکات
964+
وریا فەتاح
خەو کاریگەرى تەواوەتى لەسەر تەندروستى مرۆڤ و تواناى هزرى هەیە، توێژینەوەیەکى نوێ ئاشکراى کردووە کە خەوتنى 15 خولەکى زیادە بۆ هەرزەکاران، تواناى مێشکیان بەرادەیەکى زۆر بەهێز دەکات.
توێژینەوەکە لەلایەن ژمارەیەک توێژەرى چینى و ئەمەریکى ئەنجامدراوە و تێیدا 3222 منداڵ و هەرزەکارى تەمەن 9 بۆ 14 ساڵ وەک نمونە وەرگیراوە.
توێژەران گەیشتوون بەوەى کەخەوی زیادە پەیوەندی بە سوود و بەرچاوەوە هەیە بۆ تەندروستى مێشک لە هەرزەکاراندا.
وەک باسکراوە، داتاى خەوى ئەو منداڵانە بەسەر سێ گروپدا دابەشکراوە، بەم شێوەیە:
ئەوانەی خراپترین خووی خەوتنیان هەیە (بە تێکڕا 7 کاتژمێر و 10 خولەک لە شەوێکدا)، خەوتوون.
ئەوانەی باشترین خووی خەوتنیان هەیە (7 کاتژمێر و 25 خولەک)، خەوتوون.
ئەوانەی لە نێوان (7 کاتژمێر و 21 خولەکدا)، باشتر خەوتوون.
توێژینەوەکە گەیشتووە بەو ئەنجامەى کە جیاوازییەکى بەرچاو لە نێوان ئەم گروپانەدا هەیە لەرووى دەستکەوتى ئەکادیمى و زانستى، بەشێوەیەک ئەوانەى زیاتر دەخەون، نمرەى بەرچاو و باشتریان لە تاقیکردنەوەکان بەدەستهێناوە، لەرووى سەرنجدان و لێوردبوونەوەش بەراورد بەوانەى کەمتر خەوتوون باشتر بوون.
باربارا ساهاکیان، پسپۆڕی دەروونناسی باسى لەوەکردووە، هەرچەندە جیاوازى کاتى خەوتنەکە کەمە، بەڵام ئەنجامەکان جیاوازن، ئەوانەى زۆرتر خەوتوون دەستکەوتى باشتریان هەبووە.
دکتۆر چینگ ما لە زانکۆی فودان کە یەکێکە لە ئەنجامدەرانى توێژینەوەکە، ئاشکراى کردووە، هەرچەندە توێژینەوەکەیان ناتوانێت وەڵامی یەکلاکەرەوە بداتەوە کە ئایا ئەو هەرزەکارانەى کارکردنی مێشکیان باشترە و لە تاقیکردنەوەکاندا ئاستێکی باشتریان هەیە هۆکارەکەى ئەوەیە باشتر خەوتوون، بەڵام دەزانن کە باشتر خەوتن کاریگەرى تواناى مێشکى باشتر دەکات.
هەر ئەوەنا، توێژەران لێدانى دڵی بەشداربووانیان هەڵسەنگاندووە و بۆیان دەرکەوتووە کە گروپی سێیەم کە باشتر خەوتوون، کەمترین لێدانی دڵیان لە سەرانسەری حاڵەتەکانی خەودا هەیە و گروپی یەکەم بەرزترین لێدانی دڵیان هەبووە.