پێشوەخت ناو دەنووسن
ئەمساڵ بەرهەمی قارچکی خۆماڵی لە دەڤەری شێلادزێ گرانە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
چەند هەفتەیەکە قارچکی خۆماڵی سەری دەرهێناوە، لە ناو بازاڕی ناحیەی شێلادزێ دەفرۆشرێ، نرخی یەک کیلۆی بە 30 هەزار دینارە. یەکێک لە دوکاندارانی سەوزە و میوەش دەڵێت، بەهۆی کەمی باران و ناسەقامگیری ناوچەکەمان بەرهەمی قارچک کەمی کردووە و نرخەکەش گران بووە.
قەزای ئامێدی بەناوبانگە بە میوە و گژوگیای بەهاری و سەوزە، بەتایبەت ناحیەی شێلادزێ و شاخەکانی دەوروبەری و دەڤەری زێباریا و رێکان زیاتر قارچکی خۆماڵی لێ بەرهەم دێت و ساڵانە هاوڵاتیان سەردانی ناوچەکە دەکەن بۆ هێنانەوەی بەرهەمی بەهارە و گژوگیا.
حوسێن محەمەد، دوکاندارێکی ناو بازاڕی میوە و سەوزەی ناحیەی شێلادزێیە بە 964ـی وت، زۆربەی گژوگیای بەهاری ئەمساڵ نرخەکەیان گران بووە بەهۆی کەمی باران و زۆربەی ناوچەکەش شەڕ و بۆردومانی تیادایە لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا و ناسەقامگیرە.
لە ساڵانی پێشوودا نرخی یەک کیلۆ قارچکی خۆماڵی لە نێوان 15 بۆ 20 هەزار دینار بوو. بەڵام ئەمساڵ نرخی یەک کیلۆ قارچکی خوماڵی ناحیەی شێلادزێ لە نێوان 25 بۆ 30 هەزار دینارە.
بەوتەی خاوەن دوکاندارەکان، ساڵانە نزیکەی 100 بۆ 150 کیلۆی قارچکی خۆماڵی دێتە ناو بازاڕەوە، بەڵام ئەمساڵ و تاوەکو ئێستا بەرهەمی قارچکی خۆماڵی نەگەیشتووە بە 100 کیلۆش.
بە گوێروی سۆراغئ 964، ئێستا لە ناو بازاڕی ناحیەکە، خواست لەسەر قارچکی خۆماڵی، کەنگڕ و لیش و گەڵامێوە، بەڵام بۆ ئەوەی زوو بەدەستی بهێنن، هەندێک لە موشتەرییەکان پێشوەخت ناویان دەنووسن.
پێداچوونەوە؛ ئەحمەد مستەفا