ئاگاداری 100 دۆلاری و 50 دیناری ساختە بن

وەزارەتی دارایی: ئاگاداری دراوی ساختە بن

+964
كوردستان ئەحمەد
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە هاوڵاتییان دەكات لەكاتی مامەڵەكردنیاندا ئاگاداری دراوی ساختە بن.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی: ماوەیەكە بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و وەزارەتی دارایی و ئابووریش داوا لە هاوڵاتیان دەکات زیاتر چاو کراوە بن لەکاتی مامەڵەکردن بەجۆرەکانی دراو تا تووشی زیان نەبن.

هەر لە پۆستەكەی وەزارەتی دارایيدا هاتووە: لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێوبەرایەتی بانکی ناوەندی هەرێم لەسلێمانی خولی هۆشیاری بۆ خەزنەداری بانکەکان کردۆتەوە تا زیاتر چاو کراوە بن لەکاتی مامەڵەکردن بەدراوەکان.

بڕیاریشە خولی هۆشیاری بۆ فەرمانگەکان و نووسینگە و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بکرێتەوە تا هەمووان زیاتر بەئاگا بن لە بڵاوبونەوەی دراوی ساختە و مەترسیەکانی.

وەزارەتی دارایی دەشڵێت: لەماوەی رابردوشدا لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەست بەسەر بڕێکی زۆر دراوی عێراقی ساختە لە جۆری 25 هەزاری و  50 هەزار دیناری و دۆلاری ئەمریکی ساختە لەجۆری 50 دۆلاری و 100 دۆلاریدا گیراوە و رێکاری یاسایی پێویست لەوبارەیەوە گیراوەتەبەر.