فیزیا و زانستەکان دەڵێتەوە

مامۆستایەک “بۆردی زیرەک” بۆ قوتابیانی گوندێک بەکاردەهێنێ

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

مامۆستایەکی فیزیا بابەت و وانەکانی کردووە بە کرداریی بۆ قوتابییەکانیی و بە سمارت بۆردیش وانە دەڵێتەوە، لە کاتێکدا لە گوندێکی دورەدەستی پێنجوێنە.

مامۆستا ئالان محێدین قەرەداغی، دەرچووی بەشی فیزیایە و لە گوندی وێنەی ناحیەی گەرمکی قەزای پێنجوێن مامۆستای گرێبەستە و ئەو دەیەوێت منداڵانی گوندیش وەک شارەکان بێ بەش نەبن لە هەر شێوازێکی وانە خوێندن.

مامۆستا ئالان سمارت بۆردێکی لەسەر ئەرکی خۆی دروستکردووە و تیایدا وانەکانی کردووە بە کوردی و بابەتە فیزیاییەکانیشی بە شێوەی کرداری لە سمارت بۆرد پیشان دەدات و لە ناو پۆلیش ئەنجامی دەداتەوە.

ئەو لەکۆی 60 قوتابی، وانەی فیزیا و زانستەکان بە 28 قوتابی گوندەکە دەڵێتەوە، کارەکەی ئەو کارئاسانی تەواوی کردووە بۆیان، قوتابییەکانیش دڵخۆشن و دەیانەوێت بەشداربن و لە کاردانەوەشدا چەند قوتابیەک سەرقاڵی نوسین و چالاکی جۆراوجۆرن لە گوندەکە.

“نامەوێت منداڵی گوند بێبەش بێت، دەبێت ئەوانیش ئاشنابن بە بابەتەکان و بە کرداری بیبینن و کەشێکی زانستی ببینن” ئالان محێدین وای وت، ئەوە سەرەڕای ئەوەی چەندان کتێبی زانستی دەربارەی فیزیا نوسیووە.

مامۆستا ئالان، لە قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا پۆلی 11ی ئامادەییی گەر فەراغیان هەبێ، وانەکان بە گوێرەی ئەزموونی خۆی دەڵێتەوە، سمارت بۆردەکەش بۆ هەمویان بەکاردەهێنێ و هەموو مەنهەجەکانی بە کوردی تێدایە، بەڵام خۆی زیاتر لەگەڵ قۆناغەکانی نۆ، 10 و 11 سەرقاڵی وانە وتنەوەیە و فیزیا و زانستەکان دەڵێتەوە.

وێنە گوندێکی سەر بە ناحیەی گەرمکە لە پێنجوێن و دانیشتوانەکەی سەرقاڵی کاری کشتوکاڵین و بەشێکیشیان سەرقاڵی کارکردنن لە دەروازەی سنووری سەیرانبەن، لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئێران.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

سیستمی وانەوتنەوەی ژاپۆنی بە کرداری جێبەجێ دەکرێت

سیستمی وانەوتنەوەی ژاپۆنی بە کرداری جێبەجێ دەکرێت