راكان سەعید، پارێزگاری پێشووی كەركوك بەوەكالەت
روونكردنەوەیان دا
پارێزگای كەركوک: پارێزگاری پێشوو لەسەر گەندەڵی دەستگیر كراوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئیدارەی پارێزگای کەرکوک لە روونکردنەوەیەكدا هۆكاری دەستگیركردنی پارێزگاری پێشووی شارەكە ئاشكرا دەكات و دەشڵێن، لەسەر سكاڵای كەس دەستگیر نەكراوە و بابەتەكە پەیوەندی بە گەندەڵییەوە هەیە.
پەیجی فەرمیی پارێزگای كەركوك ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 21.4.2025 لە روونكردنەوەیەكی كورتدا دەڵێن:
لەسەر كەیسی پارێزگاری پێشووی کەرکوک بە وەکالەت.
دۆسیەكە بابەتێكی ( قەزایی و یاسایی و کارگێڕی)یە و پەیوەندیدارە بە تۆمەتی دۆسیە و رێکارەکانی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا ئەنجامی داوە.
پەیوەندی بە سكاڵا و دەستێوەردانی کەسایەتی سیاسی یان حزبی و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، یان کەسانی دیکەوە نییە.
ئەمڕۆ لە بەغدا راكان جبووری، پارێزگاری پێشووی كەركوک بەوەكالەت، دەستگیر كرا، دیلان غەفور پەرلەمانتاری كوردیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بە 964ی راگەیاندووە، راكان جبووری لەسەر گەندەڵی دەستگیر كراوە.
هەروەها وتی، “وەک پەرلەمانتار زیاتر لە 10 دۆسیەی گەندەڵیی ناوبراوم رادەستی دەستەی دەستپاکی کردووە، رێکارەکان بە رێڕەوی خۆی بەڕێوەچو” .
راكان سەعید جبووری لە دوای رووداوەكانی ساڵی 2017، تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، كە پارساڵ بەڕێوەچوو، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوک بوو.