ژنی ماڵەوە چی بكەن؟

تەندروستیی عێراق رێنمایی خۆپارێزی لە تای خوێنەربوون بڵاوكردەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزیری تەندروستیی عێراق رێنماییەكانی بۆ خۆپاراستن لە تای خوێنبەربوون راگەیاند، ئاماژەی بەوەش کرد، پەیڕەوکردنی ئەم راسپاردانە دەبێتە هۆی لەناوبردنی 90%ی رێگاکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکە.

ساڵح ئەلحەسناوی، ئەمڕۆ دووشەممە 21.4.2025 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئامادەی بوو، رایگەیاند: پێویستە رێکارەکانی خۆپارێزی بە تایبەتی لەسەر خانمانی ماڵەوە بێت، بە لەبەرچاوگرتنی بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ گۆشت، پێویستە پابەندبن بە بەکارهێنانی دەستکێش و چەقۆی دیاریکراو بۆ بڕینی گۆشت، ئەمە جگە لەوەی بە باشی بیشۆن و بە باشی بیکوڵێن.

ئاماژەی بەوەش کرد، “تای خوێنبەربوون لە رێگەی گۆشتەوە ناگوازرێتەوە، ئەگەر رێنماییە تەندروستییەکان لە ماڵەوە جێبەجێ بکرێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی یەکێک لە گرنگترین رێگاکانی گواستنەوەی هەوکردن”.

لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری تەندروستیی عێراق وتی “بەخێوکەرانی ئاژەڵ دەبێت پابەندی رێنماییەکانی ڤێتێرنەری بن و راوێژ بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بکەن بۆ مەبەستی کوتان”.

داواشی لە قەسابەکان کرد، “دەستکێش بەکاربهێنن، خۆیان بەدوور بگرن لە بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ پاشماوەی ئاژەڵان، وەک خوێن، هەروەها مادەی تەعقیمکردن و پاککردنەوەی قەسابخانەکان بەکاربهێنن بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە”.

جەختیشی لەوە کردەوە، پەیڕەوکردنی ئەم رێکارانە دەبێتە هۆی نەهێشتنی 90%ی رێگاکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکە.

“وەزارەتی تەندروستی بەردەوامە لە جێبەجێکردنی رێکارە پیشەییەکان، هەروەها هەفتانە دۆخی پەتازانیی رادەگەیەنرێت”، وەزیری تەندروستیی عێراق وای وت

وتیشی، دۆخی پەتازانیی تای خوێنبەربوون لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، زۆرترین رێژەی تووشبوونیش بە ڤایرۆسەکە لە پارێزگای زیقاڕە.

وەزارەتەكە دوێنێ رایگەیاند تا ئێستا لەمساڵدا 19 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنەربوون تۆمار كراوە، چوار حاڵەتیان لە كەركوك بوون، كە دووانیان گیانیان لەدەست دا و یەكێكیشان ئەمڕۆ نەخۆشخانەی بە سەلامەتی جێهێشت.