قەزای سێمێل
ئۆتۆمبێلی دراوسێکەیانی برد و خۆی کێشا بە دیوارێکدا؛ گیانی لەدەست دا
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە ناحیەی تەناهیی قەزای سێمێل، کەسێکی تەمەن 40 ساڵان ئۆتۆمبێلی دراوسێیەکەی بردووە و بەهۆی خێرایی زۆرەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە دیواری ماڵێکدا و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
هەیسەم بەربهاری، وتەبێژی بنکەی 122ـی تەندروستی لە پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ دووشەممە 21.4.2025 لە گەڕەکێکی ناحیەی تەناهی لە سنووری قەزای سێمێل، کەسێکی تەمەن 40 ساڵان ئۆتۆمبێڵی دراوسێیەکەی بەبێ ئاگادارکردنەوەی خاوەنەکەی بردووە و بە خێرایی زۆرەوە خۆی کێشاوە بە دیوارێکدا و دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە”.
وتیشی، ئێستا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی دهۆکە و رادەستی خانەوادەکەی دەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆک شۆفێرێکی دیکە بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستداوە و ئەوە دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بوو لەمڕۆدا.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری