کچان و کوڕان وەڵام دەدەنەوە
زێڕ گرانە و پڕۆسەی هاوسەرگیری قورس کردووە؛ جێگرەوەی زێڕ بۆ مارەبڕین چی بێ باشە؟
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
نرخی زێڕ تادێت گرانتر دەبێت و لەئێستادا هەر مسقاڵێک زێڕی عەیارە 24 زیاتر لە 800 هەزار دینارە، ئەوەش پڕۆسەی هاوسەرگیری تاڕادەیەک قورس کردووە، بۆیە بەشێک لە گەنجان پێیانوایە باشترە لەبری زێڕ بۆ مارەبڕین زێو و ئۆتۆمبێل یان کەرەستەی دیکە بەکاربهێنن.
پەیامنێری 964 لە چەند کوڕ و کچیکی گەنجی پرسیوە، ئەگەر لە ئێستادا هاوسەرگیری بکەن، ئامادەن لەبری زێڕ کاڵای دیکە بۆ ماڕەبڕین بەکاربهێنن؟ هەندێکیان دەڵێن، بەڵێ، جێگرەوەی زێڕ دەتوانێ زێو و ئۆتۆمبێل بێ و هەندێکی دیکەشیان، ئامادە نین دەستبەرداری ئەو خشڵە گرانبەهایە بن، بەڵام حازرن لەسەر بڕێکی کەمتر لە جاران، خۆیان مارە بکەن.
ئەم رۆژانە بەردەوام نرخی زێڕ روو لە هەڵکشانە و زۆر هۆکار لەپشت بەرزبوونەوەى نرخى زێڕن، سەپاندنى باجى گومرگى لەلایەن ئەمەریکا و چین بەسەر شمەک و کاڵاى یەکترى و شڵەژانى ئابوورى جیهان، لە هۆکارە سەرەکییەکانن، ناوەندە ئابورییەکانیش لە لێکدانەوە و شرۆڤەکانیاندا هەر باسى ئەوە دەکەن کە زێڕ روو لە بەرزبوونەوەى زیاتر دەکات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری