لە دهۆک

بەهۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵەوە گەشتیارێک گیانی لەدەستدا

هیڤی دێوالی – دهۆک

درەنگانی شەوی رابردوو لە شەقامی گشتی بارزان، ئۆتۆمبێلێک کۆنترۆڵی لەدەستداوە و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە، وتەبێژی بنکەی تەندروستی 122یش دەڵێت، تا ئێستا تەرمەکەی لەپزیشکی دادی دهۆکە.

درەنگانی شەوی رابردوو لە شەقامی گشتی بارزان لە گەڕەکی گەڤەرکي رووداوێکی هاتوچۆ روویداوە، شوفێری ئۆتۆمبێلی جوری BMW بەهۆی خێرایی لێخۆرین ئۆتۆمبێلەکەی لەدەست دەرچووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و سەرنشینەکەش بەسەختی بریندار بووە.

هەیسەم بەربهاری، وتەبێژی بنکەی تەندروستی 122 لە پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، هەردوو کەسەکە گەشتیارن و بە نەتەوە عەرەبن، تەرمەکە تا ئێستا لە پزیشکی دادی دهۆکە و بریندارەکەش لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادیە لەژێر چاودێری پزیشکدایە.

بەوتەی وتەبێژەکە، دوای رێکارەکان و پشکنین لە پزیشکی دادی دهۆک لەسەر تەرمەکە رادەستی خانەوادەکەیان دەکرێتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی