داواکارییەکیان لە ئاسیا سێڵ هەیە
هاوڵاتیەکی بەتەمەنی خورماتوو زیاتر لە چوار مانگە بێسەروشوێنە
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
مام رەمەزان هاوڵاتیەکی بەتەمەنی خورماتووە، لە رێکەوتی 10.12.2024ـەوە لە ماڵ چووەتە دەرەوە بەمەبەستی سەردانیکردنی ماڵی کچەکەی لە قەزای داقوق، بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بێ سەروشوێن ماوەتەوە و کەسوکارەی و هێزەئەمنیەکان شوێن نەماوە بۆی نەگەڕێن بەڵام تا ئێستا بێ سودە.
لوقمان رەمەزان، کوڕی ئەو پیاوەی کە بێسەروشوێنە بە 964ـی وت، چوار مانگە بەردەوام بەدوای باوکیدا دەگەڕێن و شوێن نەماوە بۆی نەچن، بەڵام تائێستا نەگەشتوون بەهیچ سەرەداوێک.
کەسوکاری مام رەمەزان داوا لە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ دەکەن هاوکاریان بێت، چونکە جگە لەو پەیوەندیانەی بۆ ئامێری موبایلەکەی باوکی چوون هیچی تریان بۆ نەکردوون.
کوڕەکەی مام رەمەزان دەڵێت، لەدوایین هەوڵیاندا ماوەی سێ هەفتەیە، دوبارە لەرێگەی دادگا و بە نوسراوی فەرمی، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ ئاگادارکراوەتەوە، کە دوایین شوێنی ئیشکردنی ئامێری موبایلەکەی باوکیان بۆ دیاری بکات، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە و داواکارن لە هێزەئەمنیەکان و کۆمپانیای ئاسیاسێل بگەن بەسەرەداوێک و بۆ ئەوەی باوکیان گەر بەزیندویی یان مردویی بێت بدۆزرێتەوه.
964 پەیوەندی به لیوا حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتی خورماتووە کرد، ئەو وتی، هەرچەندە ئەو سنورەی مام رەمەزانی لێ ونبووە لەژێڕ دەسەڵاتی ئەواندا نیە، بەڵام بەردەوامن لەبەدواداچونەکان و تاوهكو ئێستا جگە لە تۆماری کامێراكانی چاودێریی، هیچ سەرەداوێکیان دەست نەکەوتوە.
لەم بارەیەوە، عەقید محەمەد مەردان، بەڕێوەبەری پۆلیسی داقوق بە 964ـی وت، ئەوان بۆ دۆزینەوەی مام رەمەزان گەڕان و بەدواداچونیان زۆر کردووه، بەڵام نەگەشتوون بەهیچ ئەنجامێک و دەشڵێت، لە ماوەکانی رابردوودا دەیان حاڵەتی ونبون و بێسەروشوێنبوونی ھاوڵاتیانیان هەبووە و سەرجەمیان بەھاوکاری ھێزە ئەمنییەکان دۆزراوەنەتەوە بەڵام ئەم ھاوڵاتیە بەتەمەنە کە ناوی رەمەزان حەسەنە و تەمەنی 75 ساڵە تاکو ئێستا بێ سۆراغ ماوەتەوە، بەڵام کۆنتاکیان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی شارەکانی دیکە هەیە بۆ دۆزینەوە ئەم هاوڵاتیە.
پێداچوونەوە: هاوبەش