وێنەیەكی پێشانگەكەی یادی ئەنفال لە ناسڕییە
باشووری عێراق
لە ناسڕییە بەڵگەكانی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال نمایش كران
964+ عەرەبی
ئەرسەلان عەبدوڵا
ژمارەیەک لە دانیشتووانی پارێزگای زیقار یادی 37 ساڵەی تاوانی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجەیان کردەوە، پێشانگایەكی فۆتۆگرافیش نمایش كرا و یادەوەری و شایەتحاڵەكان لە بارەی تاوانەكان قسەیان كرد.
لە شاری ناسڕییە كە ناوەندی پارێزگای زیقارە لە باشووری عێراق، ئێوارە یادێكی پرۆسەی كۆمەڵكوژیی كوردان “ئەنفال” و كارەساتی هەڵەبجە بەڕێوەچوو، كە شەقامی رۆشنبیری بە هاوکاری کۆمەڵەی زانستە سیاسییەکانی عێراق رێكیخستبوو، تێیدا ژمارەیەک هاوڵاتی و کەسایەتیی رۆشنبیری ئامادەبوون.
لە چالاکییەکەدا، کە دوێنێ ئێوارە بەڕێوەچوو، چەند شایەتحاڵێك لە بارەی هەڵمەتەكانی ئەنفال قسەیان كرد، هاوكات پێشانگایەکی فۆتۆگرافی، کە بەڵگەی تاوانەكانی جینۆسایدی رژێمی بەعس بوون لە عێراق، نمایش كرا.
هەیسەم عەبدولخزر، سەرۆکی تیمی شەقامی رۆشنبیری لە ناسڕییە، بۆ تۆڕی 964 لە بارەی چالاكییە وتی، “یادی 27 ساڵەی هەڵمەتی ئەنفالمان كردەوە، ئەو کۆمەڵکوژییە ترسناکەی رژێمی پێشوو لە کۆتاییەکانی ساڵی 1988 لە دژی دانیشتووانی کورد ئەنجامی دا، هەروەها رژێم چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بەکارهێنا بە شێوەی هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر خەڵکی مەدەنی بێ دیفاع، لەوان منداڵان و ژنان و بەساڵاچووان”.
وتیشی، پەیامی ئێمە لە رێگەی پێشانگاکە و ئەو ئێوارەیەی سازمان كرد، ئەوەیە ئەم جۆرە تاوانە بەڵگەدار بکەین بۆ ئەوەی لەبیر نەکرێت، بۆ ئەوەی نەوەی ئێستا تێبگات کە ئەم دەسەڵاتانە چییان بەرامبەر بە خەڵکی وڵاتەكە کردووە”.
هەروەها سەلمان هاشم، رێکخەری پێشانگا فۆتۆگرافییەكە بۆ 964 وتی، “ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی ئەنفال بەبێ یادکردنەوەی زیندوو تێناپەڕێت، ئەو وێنانەی کە نمایشکراون، سروشتی ترسناکی ئەو کۆمەڵکوژییانە بەڵگەدار دەکەن، کاتێک رژێمی پێشوو بەبێ هیچ هۆکارێک بە چەکی کیمیایی خەڵکی مەدەنی کردە ئامانج”.
سەباح موحسین، كە مێژوونووس و رەخنەگرە، ئەویش لەو بۆنەیە بەشدار بوو، بۆ 964یش قسەی كرد، “ئەنفال یەکێکە لە ترسناکترین جینۆسایدەکانی مێژووی عێراق، گەلی کورد شایەتحاڵی کوشتارێکی بەکۆمەڵ بوو بە چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی، کە ژن و منداڵ و پیاوی بە هەمان شێوە کردە ئامانج”.
“من خۆم لە نزیک هەڵەبجە وەستام و ئەو بەردانەم بینی کە تا ئێستاش شوێنەواری ئەو ژەهرانەیان هەڵگرتووە، تاوانێکە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا نامرێت، بەڵکو شایەنی ئەوەیە وەک لاپەڕەیەکی رەش لە یادەوەریدا بمێنێتەوە و داناخرێت”.
ساڵی 1988 حكومەتی بەعس شاری هەڵەبجەی لە هەرێمی كوردستان بە بۆمبی كیمیایی بۆردومان كرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە پێنج كەس هاوڵاتی شەهید بوون و زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتییش بریندار بوون.
هەروەها هەر لە 1988 حكومەتی بەعس هەڵمەتی زیندەبەچاڵكردن و كوشتنی هاوڵاتیانی چەند ناوچەیەكی كوردستانی لە ژێر ناونیشانی “پرۆسەی ئەنفال” بە چەند قۆناغێك دەستپێكرد و لە ئەنجامدا بە پێی بەڵگەنامەكان 182 هەزار هاوڵاتی كورد لە هەموو تەمەنەكان بە زیندوویی ژێرخاك كران و كوژران، بەشێكی ئەوان لە بیابانەكانی باشووری عێراق لە گۆڕی بەكۆمەڵدا هەر بە زیندوویی نێژران، ئەمە جگە لەوەی لە 1983 هەمان رژێمی عێراق زیاتر لە هەشت هەزار هاوڵاتی بارزانی بە هەمان شێوە زیندەبەچاڵ كرد و جینوسایدی كردن.
ئەنفال
سودانى لە یادى مەرگەساتى هەڵەبجەدا:
رێگە نادەین دیکتاتۆریەت بە هەر ناوێک بێت بگەڕێتەوە
بۆ یادی هەڵەبجە
16ـی 3 لە هەرێمی کوردستان کرایە پشوو
شەش رۆژە لە کەمپینەکەی کۆیەیە
خاوەن 39 ئەنفالکراوە و خەمی رۆژئاواشی هەڵگرتووە
"ئەنفال"ی بۆ "پێکەوەژیان" گۆڕی
وەزارەتی ئەقافی سوریا وایزانی رادیۆیە و لە بەیاننامەکەی پێشووی پەشیمان بووە
"ئەوەی ئەوقافی سوریا کردی پەڵەیەکی رەشە"