ماستى قەڵاتێ

کاکەییەکانى گوندى هاوار بەخشندەن

964+

ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە

کاکەییەکانى گوندى هاوار لە هەڵەبجە، ئەمڕۆ هەینى بە جلوبەرگى کوردى و کەیف و خۆشییەوە، مەراسیمى رۆژى بەخشین کە بە ماستى قەڵاتێ ناسراوە، بەڕێوەیان برد و خواردن و شیرینیان بەسەر میواناندا دابەشکرد.

ماستى قەڵاتێ، مەراسیمێکی کۆن و کلتووری کاکەییەکانی ھەڵەبجەیە و لە کۆندا لە شوێنێک بە ناوی قەڵاتێ، بەرھەمە سپیایەکانیان کۆکردۆتەوە و بەخشیویانە بە رێبوار و کەسانی کەمدەرامەتی گوندەکانیان.

ئارێز فەرھەنگ، گەنجێکی کاکەییە و دەربارەی مەراسیمەکە بە 964ـى وت:” پەیامی ئێمەی گەنج ئەوەی کە بە باوانمان بڵێین ئێمەش لەسەر رێبازی ئێوە بەردەوام دەبین و ھەمیشە لەو شتانەی کە ھەمانە دەبەخشینە کەسانی دەوروبەرمان”.

“ماوەی پێنج ساڵە ئەم کەلتوورەمان زیندوو کردۆتەوە کە لە کۆندا کراوە، لەم رۆژەدا لە بەرھەمی ساڵەکەمان دەبەخشین، بەرھەمەکانیش زیاتر خواردنن و بە دیاریکراویش بەرھەمی سپیاییە، چونکە لە کۆندا بە زۆری بەرھەمی ئاژەڵی ھەبوو، بەڵام ئێستا خواردنی دیکەش تێکەڵاوی مەراسیمەکە بووە”. وانیار نەوشیروان کە گەنجێکى کاکەیی گوندى هاوارە واى بە 964 وت.

رۆژی بەخشین یاخود ماستی قەڵاتێ، بۆنه‌یه‌كی دێرینه‌ و ساڵانه‌ كاكه‌ییه‌كانى ناوچەی هەورامانی لهۆن، گوندەکانی هاوارو هەوارەکۆن و دەرەتوێیە، له‌ وه‌رزى به‌هار و له‌مانگى ئایار به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ن.

به‌پێی سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان، ئەم نەریتە له‌ناو كاكه‌ییه‌كان دواى کۆچکردنی (پیرئەسکەندەری خامووشی) كه‌سایه‌تى به‌ناوبانگى ئایینی كاكه‌یه‌كان بەدیھاتووە کە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 14 یەمی زایینی، ئەو بنەماڵانەى کە ئاژەڵدار بوون لە بەرھەمی شیرەمەنی و ماستی خۆیان لەگەڵ نانی ھەورامی دەبەخشییە دراوسییەکان و سەردانیکاران و ھەموو کەس داوای بەخشین و گەردن ئازادیی لەیەکتر دەکرد

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

له‌ گوندى هاوار سه‌کۆیەكی تایبه‌ت بۆ بۆنه‌ و مه‌راس...

له‌ گوندى هاوار سه‌کۆیەكی تایبه‌ت بۆ بۆنه‌ و مه‌راسیمه‌كان دروست ده‌كرێت