لە حاجیاوا
ئەگەر مانگاکانتان لەناو شار بەرەڵا بکەن 100 هەزار غەرامە دەکرێن
964+
وریا فەتاح
شارەوانیى حاجیاوا هۆشدارى بە خاوەن ئاژەڵەکان دەدات، کە ماڵاتەکانیان بەرنەدەنە ناو شار بە پێچەوانەوە پێبژاردنیان بۆ دەکرێت.
ئەو بڕیارەى شارەوانیى حاجیاوا دواى ئەوە هات، ژینگەپارێزێکى قەزاکە دەبینێت چەند مانگایەک لە گەڕەکى سەردەمى حاجیاوا بەرەڵاکراون و زیان بە نەمامە چێنراوەکان دەگەیەنن.
رەوەند حەسەن، ژینگەپارێز کە وەکخۆى بە 964ـى وت، تائێستا نزیکەى 8 هەزار نەمامى چاندووە، بەڵام دوێنێ لە کاتى ئاودانى ژمارەیەک نەمام، بینیویەتى چەند مانگایەک سێ نەمامیان شکاندووە.
وەک باسى دەکات، ئەو نەمامانەى بە دەستى خۆى چاندووە و تەلبەندى بۆ کردوون، بەڵام بەهۆى ئەوەى جارجار مانگا دەچێتەسەریان زیانیان پێدەگات.
“هەر نەمامێک 25 هەزار دینارم پێداوە، دوێنێ نۆ مانگا سێ نەمامیان شکاندووە، بۆیە مانگاکانم دامە پێشخۆم و بردمن بۆ شارەوانى تا لێپێچینەوە لە خاوەنەکانیان بکات”، رەوەند حەسەن واى وت.
لەسەر ئەو بابەتە، شارەوانیى حاجیاوا نووسیویەتى، “دواى پێدانى هۆشدارى توند، مانگاکان رادەستى خاوەنەکانیان کرانەوە، بەڵام ئەمجارە هەر کەسێک مانگا بەرەڵا بکات و دەستى بەسەردابگیرێت بە 100 تا 200 هەزار پێبژاردنى بۆ دەکرێت.