"لەخۆشیان دڵمان پڕە"
نوخشە ناسیح پەیامێکی ئاراستەی لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان کرد
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
نوخشە ناسیح پارێزگارە شۆخ و شەنگەکەی هەڵەبجە دڵخۆشی رادەبەدەری خۆی بۆ بوونی هەڵەبجە بە 19مین پارێزگای عێراق دەربڕی و پەیامێکیشی ئاراستەی لایەنەکانی عێراق کرد.
نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت، لەرێی 964ـەوە سوپاسی هەموو لایەنە کوردستانی و عێراقییەکانی کرد کە دەستیان هەبووە لە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە و وتی، “دەستخۆشیمان هەیە بۆ هەر سێ دەسەڵاتەکەی کۆماری عێراق و هەرێمی کوردستان و سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانی و عێراقییەکان و هەموویان جێدەست و جێپەنجەیان دیارە”.
هیواشی خواست لە داهاتوودا وەک ئیدارەی هەڵەبجە بتوانن لە نزیکەوە و بەتایبەت سوپاس و پیزانینی خۆیان بگەیەننە ئەو شوێنانە و داکۆکیکاری سەرسەختیش دەبن بۆ بەدەستهێنانی ماف و خواستەکانی خەڵکی هەڵەبجە.
ئەمڕۆ دووشەممە 14.4.2025 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەکۆی دەنگ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد و دواجار هەڵەبجە بوو بە 19ـیەمین پارێزگای عێراق.
ههڵهبجه، كه “ههڵهبجهی شههید”ـیشی پێدهوترێت، له رۆژی 13.3.2014 لەلایەن حكومهتی ههرێمی كوردستانهوه بە فەرمیی کرایە چوارەم پارێزگای ھەرێمی کوردستان، پێشتر زیاتر لە شەش جار دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ئەنجام دراوە، بەڵام هەرجارەو بەبیانوویەک دوادەخرا، دواجار ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاساکەی پەسەند کرد.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری