لە ئەدەبیاتى کوردى چۆن باسکراوە؟
عەرعەر، بیابانە دڵڕەقەکە
964+
وریا فەتاح
چیتان بۆ بگێڕمەوە
ئاخر زریکە چۆن دەگێڕدرێتەوە
قیژە چۆن ئەنوسرێتەوە
عەرعەر چۆن ئەخوێنرێتەوە
عەرعەر، ئەو بیابانەى ژێرى خاکەکەى پڕە لەتەرم و ئێسکوپرووسکى کوردان، خاکێکە بە ناحەق بەشێک لە جەستەى کوردانى شاردووەتەوە، رووبارێک خوێن و فرمێسک لەسەر ئەو بیابانە رژاوە، نە قوڕێک دروستبووە و نە گوڵێک سەرى دەرکردووە.
بیابانێکە دەکەوێتە پارێزگاى ئەنبار، نزیکە لە وڵاتى سعودیە، تا بڵێى وشک و ناخۆشە و خۆڵاوییە، رووبەرى سەدان کیلۆمەتر بیابانە، لەسەر دەستى رژێمى بەعس دەیان هەزار ژن و پیاو و منداڵى کورد، لەوێ بە بێتاوانى و بە زیندوێتى ژێرخاک خران.
لاى کەسوکارى ئەنفال، عەرعەر خاکە شوومەکەیە، بەڵام چاوەڕوانیان هەر لەو خاکەدایە، بۆ دۆزینەوەى رووفاتى کەسوکاریان.
عەرعەر لە ئەدەبیاتى کوردیدا
لە ئەدەبیاتى کوردیدا لە زۆر شوێن بەر وشەى عەرعەر دەکەویت، جا چ وەک بیابانى قوتدانى کورد و ئەنفالکردنیان، چ وەک بۆن و بەرامە و ماناى وشەکە.
عەرعەر، جیا لە بیابان، ناوى دارێکە کە شێوەى لە سنەوبەر دەکات، بەرێکى بچوکى بۆنخۆشى هەیە و دەوترێت بۆ پاککردنەوەى میزەڵدان وەک دەوا بەکاردەهێنرێت.
لە ئەدەبیاتى کوردیدا عەرعەر هەم وەک بیابانى ئەنفال و هەم وەک دارێکى رێک و بۆنخۆش ناوى هاتووە، بەڵام دواى پڕۆسەى ئەنفال، عەرعەر لە ئەدەبى کوردیدا بۆنە خۆشەکەى لەدەست دەدات و وەک بیابانێکى ستەمکار دەخرێتە رستەوە.
ئەوەتا شێرکۆ بێکەس، شاعیرى مەزنى کورد بەم شێوەیە عەرعەرمان بۆ دەکات بە شیعر:
چیتان بۆ بگێڕمەوە
ئاخر زریکە چۆن دەگێڕدرێتەوە
قیژە چۆن ئەنوسرێتەوە
عەرعەر چۆن ئەخوێنرێتەوە
ئەبێ خۆڵ قسە بکات
ئەبێ چاڵ قسە بکات
مارو مێرو بیگێڕنەوە
هەرچى ئەدەبیاتى پێش ئەنفالە، عەرعەر وەک دارێک باسکراوە بە زۆر مانا شوبهێنراوە.
قەددا وی یە شوبهەتی سەنەوبەر
خەم بوو، جڤیا مسالێ عەرعەر
ئەحمەدی خانی
لە ئیمان خۆم تەوەللا کرد بە یادی بەژن و باڵای تۆ
ئەوەندەم سوجدە برد بۆ سەرو و بۆ عەڕعەڕ خودا حافیز
کەمالی
روومەتگوڵ و مووسونبول و قەد وەکوو عەرعەر
بۆ سەیری ئەوەستن لە سەما سەبعەیی سەییار
زێوەر
نەخۆش کەوت نێرگسی بێچارە بۆ ئەو چاوە بیمارە
قەدی نوشتایەوە عەرعەر کە دی باڵایی ئەو یارە
ئەحمەد موختار بەگی جاف
خودا وە تۆش دان باڵای عەرعەری
هەر لایق وە تۆن شێوەی دڵبەری
مەولەوی
هەموو ساڵێک لە 14ـى 4، عەرعەر دەکەوێتە بەرباس و هەتا کورد و مێژووى کورد هەبێت، عەرعەر بەشێک دەبێت لە ئازار و نەهامەتییەکانى.