رۆژانێکى تاڵ
چیرۆکى رزگاربوویەکى ئەنفال؛ لەباوەشما منداڵەکەم گیانى دا
964+
کاروان ساڵحی_ کەرکوک
“لە عەشیرەتى جەباریم و لەگوندى بانگۆل لە ساڵى 1970 لە دایکبووم، لە تەمەنى 13 ساڵى لەگەڵ ئامۆزایەکى خۆم هاوسەرگیریم کرد، لە 1984 یەکەم منداڵمان بەناوى شیلان لەدایک بوو، پاش دوو ساڵ پەیمان لەدایکبوو و لە 1988یش هەژار هاتە دنیاوە، لەگەڵ هاوسەرەکەم ژیانێکى پڕ لە عیشق و خۆشەویستیمان هەبوو، بەڵام لەگەڵ پڕۆسەى ئەنفال زەنگى مەترسى لێیدا و هەموو شتێک پێچەوانە بووەوە”، ئەمە چیرۆکى گوڵەباخ محەمەد ئەحمەدى رزگاربووى ئەنفالە.
ئەو لەبارەى تراژیدیاى ئەنفال قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”لەگەڵ زەنگى ئەنفال، لەپڕ سەرجەم لادێکانى سنوورەکە چۆڵکران و بڕیاردرا ببرێنە کۆمەڵگەیەکى زۆرەملێ و بە ئیڤایەک گواستیانینەوە بۆ لیواى سەربازى چەمچەماڵ و دواتر بۆ سەربازگەى تۆپزاوە”.
لە هەمان ئەو شوێنەى کە پڕۆسەکەى تێدا ئەنجامدراوە چیرۆکى رۆژانى ئەنفالى بۆ 964 گێڕایەوە، وەک باسى دەکات لەگەڵ هاوسەرەکەى دەستیان لەناو دەستى یەکتردا بووە، بەڵام شەقى سەربازێک لە هاوسەرەکەى و دواتر لە خۆى، لەیەکیان جیادەکاتەوە.
كاتێك بەهۆش هاتمەوە لە ناو یەكێك لە هۆڵەكاندا بووم چاوم كردەوە شیوەن و گریان و واوەیلا ژورەکەى داپۆشى بوو، ژن و منداڵ و پیاویان لەیەکترى دابڕیبوو، کەس نەیدەزانى چارەنوسمان چى دەبێت
وەک باسى دەکات، لەو شوێنەى تێیدا دەستبەسەرکران، ژن و پیاوەکانیان لەیەکترى جیاکردەوە، دوو هۆڵ بوون کە پەنجەرەیەک لە نێوانیاندا بوو، ژنەکانیان ناچار دەکرد بچنە بەردەم پەنجەرەکان و ئەشکەنجەدانى مێردەکانیان ببینن، پیاوەکانیشیان ناچار دەکرد بێنە لاى پەنجەرەکە و ئەشکەنجەى ژنەکانیان ببینن.
ئەو دەڵێت، دۆخەکە بەم شێوەیە بوو، ئەگینا پیاوى کورد ئەوەندە بێغیرەت نییە.
منداڵەکەم هێشتا لە گیانى نەدابوو، لێمیان سەند و وتیان مردووە، باوەشم کرد بە قاچى سەربازەکەدا تا منداڵەکەم بداتەوە، بەڵام شەقێکى لێدام و لەهۆشخۆم چووم، ئاوا منداڵەکەیان لێم سەند و ئیتر نەمبینییەوە
چیرۆکى گوڵەباخ پڕیەتى لە نەهامەتى و ئازا، سەرەتا بە مردنى کوڕەکەى لە برسا، مەینەتییەکان بەشى دەگرن، دواتریش بە جیاکردنەوە و ئەنفالکردنى مێردەکەى، دیدارى و خۆشەویستى رۆژانى زوویان دەچێت بۆ قیامەت.
دواى 37 ساڵ بەسەر ئەو رووداوانەدا، گوڵەباخ لەگەڵ تیمى 964 دەچێتە هەمان ئەو شوێنەى کە تێیدا زیندانى کراوە و چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح