گوندنشینانی زەڵم رازیبوون خانووەکانیان بۆ پرۆژەیەک بڕووخێندرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

دوای 11 ساڵ دانیشتووانی گوندی زەڵم لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە رازییبوون خانووەکانیان بۆ فراوانکردنی رێگەیەکی ناوچەکەیان بڕووخێندرێت.

دوای 11 ساڵ چاوەڕوانی. دوێنێ شەممە کارەکانی پرۆژەی فراوانکردنی رێگەی گوندی زەڵم ـ هاوینەهەواری ئەحمەد ئاوا دەستی پێکرد، بەڵام دەبێت ژمارەیەک خانوو بروخێندرێن و خەڵک بەمە رازییبوون.

بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە لە فەیسبووکی خۆیان رایانگەیاند، بودجەی پێویست بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هاوڵاتییانەی گوندی زەڵم دابینکراوە، کە خانوو یان موڵکەکانیان بەر رێگەکە دەکەوێت.

“سوپاسی ئەو خاوەن ماڵانە دەکەین، کە رێگر نەبوون لە تەواوکردنی وەها پرۆژەیەکی گرنگ، کە رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزار لە پارێزگای هەڵەبجەدا”  بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە وا دەڵێت.

تێچوی رووخاندن و لابردنی خانووەکان لەلایەن پارێزگاری هەڵەبجەوە دابیندەکرێت و “بە تەواوکردنی رێگەکەش ئاستەنگێکی گەورە لە بەردەم گەشتیاران لادەبرێت، کە لە رابردوودا ببووە هۆکاری ئاستەنگی بۆیان.”

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی 964 خانوو و زەوی پێنج ماڵ بەر رێگەکە دەکەون.

زەڵم گوندێکە، کەوتووەتە ناحیەی خورماڵ لە پارێزگای ھەڵەبجە و لە باکوورەوە ھاوسنوورە لەگەڵ گوندی دزڵی لە رۆژھەڵاتی کوردستان و لە باشووریشەوە لەگەڵ گوندی ئەحمەدئاوا.

گوندەکە 25 خانووی نەڕووخاوی تێدایە، بەڵام 18 خانوو خێزانی تێدا دەژین، 7 خانووشی چۆڵن.