15 ساڵە ئەو کارە دەکات

کارمەندێکی هاتوچۆ دوای دەوامەکەی رێنمایی دەباتە قوتابخانەکان

محەمەد عەلی – قەڵادزێ

کارمەندێکی هاتوچۆی پشدەر، بەوەوە نەوەستاوە دوای دەوام پشوو وەربگرێ، بەڵکو کردوویەتی بەعادەت هەرجارە و گروپێک لە قوتابی ئامادە دەکات و رێنوێنیان دەکات، لەسەر هێما و مامەڵەیان لەسەر شەقام.

ئەگەر خۆی بچێت، لە ناوەندەکانی خوێندن بەشێوەی سیمینار وانەی رێنماییەکانی هاتوچۆ دەڵێتەوە، دواتر گروپێک لە قوتابییەکان دەهێنێتە سەر شەقام و ئاشنایان دەکات، بە مامەڵەیان لەگەڵ شۆفێران، رێنمایی و هێڵکارییەکانی پەڕینەوە.

محەمەد خدر کارمەندەکەیە، پلەکەی رێپێدراوی چوارە و دوای دەوامی فەڕمی خۆی، هەرجارە و لە یەکێک لە ناوەندەکانی خوێندندا قوتابیان ئاشنای رێنمایەکانی هاتوچۆ دەکات و 15 ساڵە بەخۆبەخشی بەردەوامە لەو کارەی.

ئەو بە 964ی وت، دەمەوێت نەوەی داهاتوو ئاشنا بکەم بە رێنمایەکانی هاتوچۆو روداوە نەخوازراوەکان کەمببنەوە.

محەمەد خدر، سەرجەم هێماو وانەکانی هاتوچۆی پێیە و بەشێوەی پراکتیکی و نەزەری وانەکەی دەڵێتەوە، بەگرنگیشی دەزانێت بەهەمانشێوە وانەکان بخرێنە ناو مەنهەجەکانی خوێندنەوە، تاوەکو لە ناوەندەکانی خوێندن وەکو هەر وانەیەکی دیکە بخوێندرێ.

ئەو داواکارییەشی بۆ یەک هۆکار گەڕاندەوە و وتی، لەبەر ئەوەی تادێت جەنجاڵی شار زیاتر دەبێت و رێژەی ئۆتۆمبێل لەزیادبووندایە، وەک پێویستیش هاوڵاتیان و بەتایبەتیتریش منداڵان ئاشنایی رێنمایەکانی هاتوچۆ نین و پێویستە فێر بکرێن.

محەمەد لەگەڵ ئەوەی کارمەندێکی چالاکی فەرمانگەکەیەتی، دانیشتووی ناو قەزای قەڵادزێ یە و لە ساڵی 1984 لە دایک بووە، 19 ساڵە خزمەتی هەیە لە کەرتی گشتی، جیاواز لەوە ژیانی هاوژینی پێکنەهێناوە و لەگەڵ ماڵی باوکی دەژی.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا