بەرگریی شارستانی:

“بە درێژایی 150 کیلۆمەتر لە زێی گەورە بەدوای تەرمی ئاڤێستادا دەگەڕێین”

+964

ئاکام غەفور-سۆران

گەران بەدوای تەرمی ئاڤێستا یوسف بەردەوامە، تا ئێستاش هیچ سۆراغ و سەرەداوێک نییە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی.

ئەمڕۆ شەمە،12.5.2025، بەرگریی شارستانی بە بەشداریی زیاتر لە 200 کارمەند و ژماریەکی زۆری خۆبەخشی کوردستان بە دوای تەرمی ئاڤێستادا دەگەڕێن، بەرگری شارستانیش دەڵێت، هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە بە زوویی تەرمەکەی بدۆزینەوە”.

کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، بە 964ـی وت،”ئەمڕۆ بە بەشداری زیاتر لە 200 کارمەندی بەرگری شارستانیی سۆران، هەولێر، زاخۆ، خەبات، قەندیل و شەقڵاوە، ژماریەکی زۆری خۆبەخشی مەلەوان، بە درێژایی 150 کیلۆمەتر لە زێی گەورە بەدوای تەرمی ئاڤێستا دەگەڕێین”.

وەک بەڕێوەبەری بەگری شارستانی سۆران باسی دەکات، 35 بازگەی جێگیریان داناوە کە بەردەوام چاودێری رووبارەکە دەکەن، بەڵام هیچ سەرەداوێکی نوێیان دەست نەکەوتووە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە.

شەممەی رابردوو، ئاڤێستا یوسف، تەمەن 27 ساڵ کە لە هەولێرەوە بە مەبەستی گەشت رووی لە سنووری قەزای مێرگەسۆر کردبوو، لە رووباری تەنگاتور خنکا و تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا