"کون و کەلەبەر ئەرکی قورس کردووین"
60 تیم بەدوای تەرمی ئاڤێستادا دەگەڕێن
964+
ئاکام غەفور – سۆران
حەوت رۆژ بەسەر خنکانی ئاڤێستا یوسف تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
ئەمڕۆ تیمەکانی گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا زیادکراون، 60 تیم بەشداری پێ کراوە و بە درێژایی 25 کیلۆمەتر هەڵمەتێکی چڕی گەڕان دەکرێت و لەم لاشەوە لە زێی قەندیل و خەبات چاودێری ئاوەکان دەکرێت بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، بە964ـی وت، ئەمڕۆ هەڵمەتێکی چڕتری گەڕان ئەنجام دەدەن، 60 تیم بە بەلەم و گەڕانی ئاوی و دەستی بەشدارن، دەمانەوێت بگەینە ئەنجامێک، بەڵام بەخوڕی ئاوەکە و لێڵی و ساردییەکەی و بوونی کون و کەلەبەرێکی زۆر لە روبارەکە ئاستەنگی زۆری بۆ تیمەکان دروست کردوە و کارەکەی قورس کردووە.
وەک کاروان میراودەلی باسی دەکات، جگە لە تیمەکانی بەرگری شارستانی سۆران، تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر، زاخۆ، ئاکرێ و خەباتیش بەشدارن لە گەڕانی ئەمڕۆ، بە درۆن و دوربینیش چاودێری تەواوی رووبارەکان دەکەن.
ئاڤێستا یوسف بەرزنجی، تەمەن 27 ساڵ، دانیشتووی هەولێر، پێشنیوەڕۆی رۆژی 5.4.2025 کەوتە ناو رووباری تەنگاتوور لە قەزای مێرگەسۆر و تائێستا بێسەروشوێنە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا