تیمی ئاگرکوژێنەوە چوون
ئاگر لە هەناوی کێڵگەیەکی پەلەوەری سنووری بنگرد هەڵگیرسا
964+
ئەحمەد مستەفا
لە دوای کاتژمێر 10:00ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە گوندی بێموشەی سەر بە ناحیەی بنگرد، ئاگر لە کێڵگەیەکی پەلەوەری کەوتووەتەوە تیمەکانی بەرگری شارستانی ئاگادارکراونەوە و گەشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
محەمەد عەبدولڕەحمان، کە بەڕێوەبەری ناحیەی بنگردە، زانیاری رووداوەکەی بۆ 964 پشتڕاست کردەوە و وتی، تیمی بەرگری شارستانی رانیە چوونەتە شوێنی رووداوەکە.
نوێکردنەوە: 12:12 PM
بە گوێرەی هەندێک دیمەن کە گەشتوون بە 964، زۆرینەی کێڵگەکە سووتاوە و یەک پارچە رەشاییە، بەشێک لە جەستەی مریشکەکان بوون بە خەڵوز و هەندێک لە مریشکەکانیش جەستەیان نەسوتاوە، بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد وتی، بەهۆی کاریگەری دوکەڵ مرداربوونەتەوە.
زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوەدەەکەن، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە 12 هەزار مریشک سووتابن، لە کۆی 13 هەزار تەنیا نزیکەی 1000 مریشک بەساخی دەرچوون و دەرکەوتووە لە دەرگا و پەنجەرەکانەوە لەناو هۆڵی کێڵگەکە هێنراونەتە دەرەوە.
محەمەد عەبدولڕەحمان وەک دەڵێ، خۆی قسەی لەگەڵ خاوەنی کێڵگەکە کردووە، سەرەرای ئەوەی هیچ ئامێرێکی ئاگرکوژێنەوەی لێ نەبووە، ئەو کەسەشی کە پاریزگاری لە کیڵگەکە دەکات، زوو بە زوو ئاگاداری رووداوی ئاگرکەوتنەوە نەبووە لە کێڵگەکەدا.
دەربارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوە، بەڕێوەبەری ناحیەکە بە 964ی وت، ئامێرێکی گەرمکەرەوە لەناو کێڵگەکەدا بووە، لەو ئامێرەوە ئاگرەکە هەڵگیرساوە و تەشەنەی سەندووە.