"تیمەکان زیادکراون و بە بەلەم و درۆن و فڕۆکە دەگەڕێین"

پێنج رۆژە بێ وچان بەدوای تەرمی مامۆستا ئاڤێستادا دەگەڕێن

964+

ئاکام غەفور – سۆران

پێنج رۆژ بەسەر خنکانی مامۆستا ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵ لە رووباری تەنگاتور لە قەزای مێرگەسۆر تێپەڕی و سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران و خەڵکی دەڤەرەکە لە ژێر باوبۆراندا، هێشتا هیچ سۆراغێکی نییە.

ئەمڕۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر و ئاکرێ بۆ یارمەتیدانی هاوکارەکانیان گەیشتنە سۆران و بە درێژایی 20 کیلۆمەتر کەلێن و کەلەبەری رووبارەکە نەما نەگەڕێن.

کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران لە ژێر لێزمەباراندا قسەی بۆ 964 کرد و وتی، بەبەشداری زیاتر لە 120 کارمەند هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی تەرمی مامۆستا ئاڤێستا چڕکردووتەوە، بە ئومێدی ئەوەی لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سۆراغێکیان دەست کەوێت.

 لە رۆژی دووەمەوە بە دووربین و بەلەم و درۆن و فڕۆکە دەستمان بە گەڕان کردووە

بە قسەی میراودەلی، هەرچەندە هەموو شێوازێکیان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو مامۆستایە تاقیکردووەتەوە و لە رۆژی دووەمەوە بە دووربین و بەلەم و درۆن و فڕۆکە دەستیان بە گەڕان کردووە، بەڵام لێڵی و خوڕی ئاوەکە و لێزمەباران گرفتی بۆ دروست کردوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک جار دۆزینەوەی تەرم لەناو چەم و رووبارەکاندا 18 رۆژ بۆ مانگێک دەخایەنێت، بەڵام ئومێد دەکەن ئەمجارە نەگەنە ئەو مەودا دوورە و زووتر تەرمی ئەو مامۆستایە بدۆزرێتەوە.

ئاڤێستا یوسف بەرزنجی، تەمەن 27 ساڵ، دانیشتووی هەولێر، پێشنیوەڕۆی رۆژی 5.4.2025 کەوتە ناو رووباری تەنگاتوور لە قەزای مێرگەسۆر و تائێستا بێسەروشوێنە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

گەڕان بەدوای ئاڤێستا بەردەوامە و کەیسەکەی مام ئازادیش ...

گەڕان بەدوای ئاڤێستا بەردەوامە و کەیسەکەی مام ئازادیش دادەخرێت