چیتر ناهێڵن دەست بۆ قوتی خەڵک بەرن
گرووپە ساختەچییەکانی بازاڕی فۆڕێکس و دراوە ئەلیکترۆنییەکان رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە
964+
مستەفا نەهرۆ
مامەڵەکردن لە بازاڕی فۆڕێکس و دراوە ئەلیکترۆنییەکان بۆ کەسانێک بووەتە خێر و بەرەکەت و بۆ کەسانێکیش بووەتە ماڵوێرانی و ئیفلاس بوون و سەدان کەس بەهۆی گروپە ساختەچییەکانەوە قۆڵیان بڕاوە و پارەیان خوراوە، بەڵام ئاسایشی هەولێر بڕیاری دا سنوورێك بۆ ئەم بارودۆخە دابنێ و رایگەیاند، ئیتر هەموو جۆرە مامەڵەیەك بە دراوە ئەلیكترۆنییەكان قەدەغەیە.
ئاسایشی هەولێر نانی ئەو ساختەچییانە دەبڕێت و هەر دوێنێ لە راگەیەندراوێکدا، مامەڵەکردنی لە بازاڕی فۆڕێکس و هەموو جۆرەکانی دراوی ئەلیکترۆنی قەدەغەکرد و هاوڵاتیانیان ئاگادارکردەوە، کە خۆیان بەدوور بگرن لەو جۆرە مامەڵانانە
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەش کردووە، هەر کۆمپانیایەک و بڕۆکەرێک کاری رێکلام بۆ دراوە ئەلیکترۆنییەکان و بازاڕی فۆڕێکس بکات رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە، کۆمپانیاکانی فۆڕێکس و دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق رێگەپێدراو نین و مۆڵەتی فەرمییان نیە
لە ماوەکانی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان بە هەزارەها کەس لە رێگەی گرووپە ساختەچییەکانی بازاڕی فۆڕێکس و دراوە ئەلیکترۆنییەکان قۆڵیان بڕا و پارەیان خورا
ئەمانە بەشێکن لەو ئاپ و وێبسایتە فریودەرانە:
Jawa Eye
Green Wood
Meta Transaction
Lita Power
Quest Net