مادەی هۆشبەر. وێنە: بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادەی هۆشبەر.
سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین
لە سێ مانگدا 227 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون
964+
ژووری هەواڵ
لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا تەنیا لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، 227 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکراون و 200 کیلۆگرام مادەی هۆشبەریش دەستیبەسەرداگیراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8.4.2025، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، ئەو کەسانەی دەستگیردەکرێن لەڕێگەی چاکسازییەکانەوە رادەهێندرێنەوە تاوەکو بتوانن تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببنەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2024، یەک هەزار و 19 تۆمەتباری بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، سێ تۆن و 24 کیلۆ و 600 گرام مادەی هۆشبەریش دەستیبەسەرداگیراوە و بەڕێگای زانستی لەناوبراون.
بەگوێرەی ئامارەکان، کریستاڵ و کپتاگۆن لەو مادانەن کە زۆرترین بەکارهێنەریان هەیە و بازرگانیی پێوەکراوە، مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر وایکردووە کە ناوەندە ئەکادیمییەکان و رێکخراوەکان لە هەوڵی بڵاوەکردنی هۆشیاریدا بن و گەنجان لەو کاریگەرییە خراپانەی مادەکان ئاگاداربکەنەوە.
بەکارهێنەرە دەستگیرکراوەکانیش شیاندنەوەیان بۆ کراوە تاوەکو دووبارە بگەڕێندرێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگە.