دانانى جەمپ لە یەکێک لە گەڕەکەکانى سلێمانى
شارەوانى سلێمانى یەک هەفتە مۆڵەت دەدات
ئەو یاریانەى بۆ منداڵان لە گەڕەک و شەقامەکان دانراون دەبێت لاببرێن
964+
وریا فەتاح
شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت؛ ئەو جەمپانەی لە گەڕەک و شەقامەکاندا دانراون پێویستە لەماوەی هەفتەیەکدا لابدرێن، هۆشداریش دەدات ئەگەر لایان نەبەن، شارەوانى تێکیان دەدات.
شارەوانى سلێمانى بڵاوى کردەوە، پاڵپشت بە رێنماییەکانی قایمقامییەتی پارێزگای سلێمانی، دانانی جەمپ لەناو گەڕەکەکاندا و لەسەر موڵکی گشتی هیچ مۆڵەتێکی یاسایی نییە و رێگەپێدراو نییە.
دەشڵێت: ئەو یاریانە هۆکارێکن بۆ زیانگەیاند بە تەندروستى منداڵان و ئازاردانیان، سەرباری ئەوەش ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزەکانی بەهار و هاوین، دیاردەی دانانی جەمپ لەناو گەڕەکەکانی شاری سلێمانی بەردەوام وو لەهەڵکشان دەکات.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاگاداری خاوەن جەمپەکان دەکات لەماوەی هەفتەیەکدا هەستن بە لادانی زیادەڕەوییەکانیان، بەپێچەوانەوە پاش تێپەڕاندنی ئەو ماوەیە و لە ئەگەری پابەندنەبوون بە ئاگادارییەکە، بەشی لابردنی زیادەڕەویی شارەوانی هەڵدەستێت بە لابردن و تێکدانی ئەو جەمپانەی جێگیرکراون.