وەزارەتی تەندروستی نەخۆشخانە تایبەتەکان رێکدەخاتەوە

“نابێ بەم بەرەڵاییە بمێننەوە”

میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر

وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکی باڵای پێکهێناوە بۆ رێکخستنەوەی نەخۆشخانە تایبەتەکان لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت، “نابێ بەم بەرەڵاییە بمێننەوە”.

لیژنەکە تازە دروستکراوە، رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی دەکات، بە زووی دەست بە کار دەبێت.

دکتۆر ئەژی ئیسماعیل، بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و سەنتەرە تایبەتەکان لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، هاوکات ئەندامی لیژنەکە، قسەی بۆ میدیازان کرد.

 “بڕیاری رێکخستنەوەی نەخۆشخانە تایبەتەکان هی ئێستا نییە و کۆنە، بەڵام هاتنی کۆرۆنا لێی تێکداین، دەمانەوێت زۆر شتی نەخۆشخانە و سەنتەرە تایبەتەکان رێکبخەینەوە، خۆ ناکرێت بەم بەرەڵاییەی ئێستا بمێننەوە، دکتۆر هەیە لە دوو یان سێ نەخۆشخانەی تایبەت کاردەکات”، دکتۆر ئەژی ئیسماعیل وای وت.

 میدیازان پرسیاری کرد، ئایا ژمارەی نەخۆشخانە و سەنتەرە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان چەندە؟ دکتۆر ئەژی رەتیکردەوە باسی بکات، وتی لە چەند رۆژی داهاتوو کۆنفرانسی هەواڵییان دەبێت و لەوێ ئاشکرای دەکەن.

 میدیازان دەزانێت، ماوەی دوو مانگە وەزارەتی تەندروستی خەریکی دروستکردنی داتابەیسە بۆ نەخۆشخانە و سەنتەرە تایبەتەکان، پێشتر تەندروستی شارەکان مۆڵەتیان پێدەدان، ئێستا دەبێت لە وەزارەت مۆڵەت وەربگرن.

 دکتۆر ئەژی دەڵێت، ئەو رێکخستنەوەیە زۆرێک لە بوارەکان دەگرێتەوە، وەکو رێکخستنەوەی دەرمان و چارەسەرەکانیان، دکتۆر و ستافەکانیان، مۆڵەت و سنوری کارکردنیان، ئەوە جگە لە ناچارکردنیان بە  هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت.