دیمەنێک لە قەزای شارەزوور _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
نزیکەی ملیار و نیوێکی بۆ دانراوە
لە شارەزوور باڵەخانەیەکی مۆدێرن بۆ بانک دروست دەکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و پلاندانان وەرگیرا، بەڕێوەبەری بانکی شارەزووریش وەک مژدە دەڵێت، پرۆژەیەکی گەورە و گرنگ بۆ قەزای شارەزوور جێبەجێ دەکرێ.
پڕۆژەکە، دروستکردنی بانکێکی سەردەمییانەیە بە سەرجەم پێداویستییەکانییەوە.
بە گوێرەی دەرخستەکە، باڵەخانەیەکی نوێ و مۆدێرن و نموونەیی دەبێ، بە گوژمەی نزیکەی یەک ملیار و 500 سەد ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی وەبەرهێنان جێبەجێ دەکرێ.
هەرێم حەمەساڵح، بەرێوەبەری بانکی شارەزوور، لە بڵاوکراوەیەکدا، کە دەقەکەی بۆ میدیاکاران ناردووە، ئێوارەی یەكشەممە دەڵێت، دوای هەوڵ و بەدواداچوونێکی زۆر و چەندین جار نووسراوکردن، توانرا رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی پلاندانان بۆ پڕۆژەکە وەربگیردرێ.
قۆناغ بە قۆناغ و بە نەختینە، پارە بۆ پڕۆژەکە لەسەر بودجەی وەربەرهێنانی وەزارەتی دارایی تەرخان دەکرێ و رۆژی یەکشەممە دەرچوواندنی بۆ کراوە، بەڕێوەبەری بانکی شارەزووریش دەڵێت، باڵەخانە نوێیەکەمان شایستەی فەرمانبەران و موچەخۆران و هاوڵاتیانی شارەزوور دەبێت.
بانکی شارەزوور، كە ئێستا لە خانوویەكدان، موچەی خانەنشینان، خاوەن پێداویستی تایبەت و ژمارەیەک لە موچەخۆران دابەش دەکەن، زۆرجار بەهۆی قەرەباڵغی و نەبوونی جێگە، دەوامی کردووە بە دوو یان سێ شەفت، یان کورسی بۆ ژمارەیەک لە خانەنشینان داناوە، تا رووبەڕووی دۆخی نەخوازراو نەبنەوە.