نرخیان لە 1000 بۆ دوو هەزار و 500 دۆلار دابەزیوە
تەرزە زیانی زۆری بە ئۆتۆمبێلەکانی سۆران گەیاند
964+
ئاکام غەفور- سۆران
تەرزەکەی سۆران هەر بازاڕی جامچییەکان نا، بەڵکو بازاڕی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلیشی خۆش کردووە، نرخی ئۆتۆمبێلیش بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
بەشێک لەوانەی دوێنێ لە تەرزەکەی سۆران ئۆتۆمبێلەکانیان تەرزەکوت بووە، روویان لە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل کردووە بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکانیان، هەر یەکێکیشیان بە بڕی جیاواز نرخی دابەزیوە، کە لە هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە دوو هەزار 500 دۆلار دەڕوات
سەعدوڵا سلێمان، کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە لە سۆران، بۆ 964 وتی، رۆژێک پێش تەرزەکە ئۆتۆمبێلێکی سفر کیلۆمەترمان فرۆشت بە 12 هەزار و 800 دۆلار، ئەمڕۆ هاتووە بۆ فرۆشتنەوە لە 11 هەزار و 500 دۆلار زیاتر ناکات، جگە لەوەش ئەو ئۆتۆمبێلانە تەرزەکوتن و خەڵک خۆیان لێنادات و کڕین و فرۆشتنیان بە زەحمەتە”.
محەمەد سورچی، فرۆشیاری ئۆتۆمبێلە و دەڵێت، ئەو ئۆتۆمبێلەی نرخەکەی لە دەوری 10 هەزار دۆلار (دەفتەرێکە) نزیکەی 1000 بۆ هەزار و 500 دۆلار دابەزیوە، بەهۆی تەرزەکەوە، ئەوانەشی نرخیان سەرووی 20 هەزار دۆلار بووە، نرخەکەیان نزیکەی دوو هەزار و 500 دۆلار دابەزیوە، تەرزەکە زیانی زۆری هەبوو بۆ خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر