"لە عومری خۆم تەنیا لە ساڵی 1958 تەرزەی وا بەقوەتم بینیوە"

تەرزە دڵڕەقەکەی سۆران بەشێک لە جوتیارانی رەنج بەخەسار کرد

964+

ئاکام غەفور – سۆران

تەرزە دڵڕەقەکەی سۆران هەر بە شکانی سەری هاوڵاتیان و جامی ئۆتۆمبێلەکان نەوەستایەوە و بەشێک لە جوتیاران و باخەوانانی ناوچەکەشی رەنج بەخەسار کرد.

مام سڵێمان جوتیارێکی بە ئەزموونی دۆڵی ئالانە بە 964ـی وت، “تەرزەکە گەلەک بەقوەت بوو و زیانی بە تەواوی ئەو دار و درەختانە گەیاندووە کە چرۆ و بەریان گرتووە، بەتایبەتیش هەرچی گوێز و قەیسی و چوالە و دار توو و رەز هەیە، لەناوی بردووە”.

وتیشی، “بەدەستی خۆم تەرزەکانم خڕ کردنەوە و قەبارەی هەندێکیان بەقەد هێلکەیەک دەبوو، ئەگەر کەمێکی تر دەوامی هەبوایە، گەڵا و پەلی بە دارەکانەوە نەدە‌هێشت”.

مام سلێمان دەڵێت، “بە عومری خۆم تەرزەم زۆر بینیوە، بەڵام تەنیا لە ساڵی 1958 تەرزەبارینێکم بینی کە لەو تەرزەیەی ئەم جارە بەهێزتر و بەقوەتتر بوو”.

ئەو جوتیارە باسی لەوەشکرد، هەرچەندە تەرزەکە زەرەر و زیانی زۆر بوو، بەڵام سوودیشی هەبوو و زەوی و مەزراکانی تێر ئاو کردووە.

لە دوو رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە ناوچەکانی کوردستان کرد و لە هەندێک شوێن هەورە بروسکە و تەرزەی بەهێزیشی لەگەڵ بوو، لە دەڤەری سۆران تەرزەی قەبارە گەورە سەری هاوڵاتیان و جامی چەند ئۆتۆمبێلێکی شکاند.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

تەرزەکەی رواندز پێنج کەسی ناردە نەخۆشخانە

تەرزەکەی رواندز پێنج کەسی ناردە نەخۆشخانە

تەرزە بازاڕى جامچییەکانى گەرم کردووە

تەرزە بازاڕى جامچییەکانى گەرم کردووە