"دزینی ماتۆڕ خەریکی دەبێتە دیاردە"

هاتوچۆی خورماتوو داوای داخستنی دوکانەکانی فرۆشتن و چاککردنەوەی ماتۆڕسکیل دەکات

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

زۆربوونی دوکانەکانی ماتۆڕسکیل لە خورماتوو کێشە و گرفتی دروستکردووە، بەجۆرێک ماتۆڕ دزەکان، دەچن ماتۆڕەکان بەنرخێکی کەمتر بەو دوکانانە دەفرۆشن، ئەوانیش بەپارچەکراوی دەیفرۆشنەوە و هاتوچۆی قەزاکەش دەڵێت، پێویستە سەرجەم دوکانەکانی ماتۆڕسکیل دابخرێن.

عەمید موئەیەد عەباس بەڕێوەبەری هاتوچۆی گشتی خورماتوو بە 964ـی وت، “تاکە چارەسەر بۆ بنبڕکردن و نەهێشتنی دیاردەی ماتۆڕە بێ سەرەتاکان، داخستنی دوکانەکانی ماتۆڕسکیلە، چونکە هیچکام لەو دوکانانە مۆڵەتی یاساییان نییە و زۆر جار ئەو کەسانەی کە ماتۆڕسکیل دەدزن، دەچن بەنرخێکی کەم بەو دوکاندارانە دەفرۆشن و ئەوانیش بێ سێ و دوو ماتۆڕەکان هەڵدەوەشێننەوە و بە پارچەکراوی بە خەڵکی دەفرۆشنەوە، ئەوەش وادەکات دۆزینەوەی تاوانباران و ئەو کەسانەی پیشەیان ماتۆڕ دزینە، بەئاسانی نەدۆزرێنەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین جارە نوسراویان ئاڕاستەی ئیدارەی قەزاکە و هێزە ئەمنییەکان کردووە، بۆ ئەوەی لیژنەیەک پێکبێنن، بۆ لێکۆڵینەوە و داخستنی ئەو دوکانانەی کە ماتۆڕ دەفرۆشن یان چاکیان دەکەنەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامی دواکارییەکەیان نەدراوەتەوە.

سەبارەت بەو بابەتە 964 چەندین جار پەیوەندی کرد بە زولفەقار حەیدەر قایمقامی خورماتوو، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتى گشتى هاتوچۆ لە عێراق، چەند رێنماییەکى نوێی سەبارەت بە تۆمارکردنى ماتۆڕسکیلەکان خستووەتەڕوو و سێ مانگ مۆڵەتی داوە و لەو ماوەیەدا دەستبەسەر ماتۆڕسکیلەکاندا ناگیرێت تا تۆمار دەکرێن.

لە سێ رۆژدا 10 ماتۆڕسکیل لە خورماتوو دزراون

لە سێ رۆژدا 10 ماتۆڕسکیل لە خورماتوو دزراون

ماتۆڕسکیله‌كانى خورماتوو ماوەی 90 رۆژیان پێده‌درێت مۆ...

ماتۆڕسکیله‌كانى خورماتوو ماوەی 90 رۆژیان پێده‌درێت مۆڵه‌ت ده‌ربهێنن