لە یەک ساڵدا بایی 50 ملیۆن دۆلار کاڵا لە مەرزی شۆشمێوە هاوردە کراوە - وێنە: ئیرنا
"رۆژانە 50 بارهەڵگر دێن و دەچن"
لە یەک ساڵدا بایی 50 ملیۆن دۆلار کاڵا لە مەرزی شۆشمێوە هاوردە کراوە
964+
شۆڕش قادری
سەرەڕای سەختی رێگاکە و چەندین کەموکوڕی، رۆژانە نزیکەی 50 بارهەڵگر لە مەرزی شۆشمێ هاتوچۆ دەکەن و لە ماوەی یەک ساڵیشدا بایی 50 ملیۆن دۆلار کاڵا، لە رێی ئەو مەرزەوە هاوردەی کورستان کراوە.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری رەزا نیک رەوێش سەرپەرشتیار لە بەشی چاودێری گومرگی پارێزگای کرماشان بڵاویکردەوە، “لە 21.3.2024 تا 21.3.2025 بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار دۆلار، کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانی کرماشانەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە و لەو رێژەیەش نزیکەی 50 ملیۆن دۆلاری لە مەرزی شۆشمێوە بووە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا رۆژانە 40 بۆ 50 بارهەڵگر کە هەڵگری کاڵای جۆراوجۆرن، لە مەرزەکەوە هاتوچۆ دەکەن.
رەزا نیک رەوێش باسی لەوەشکردووە، بەشێک لە شۆفێران گلەیی ئەوە دەکەن کە مەرزی شۆشمێ چەندین کەموکوڕی هەیە وەک نەبوونی هۆڵی چاوەڕوانی بۆ گەشتیاران و شوێنی پشوودانی شۆفێران، ئەوانەش پێویستن بۆ هەر مەرزێک و پێویستە چارەسەر بکرێن.
مەرزی شۆشمێ پارێزگای هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە پارێزگای كرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوایين ناوچە لە دیوی هەرێمی كوردستانەوە شارەدێی تەوێڵەیە، كە 22 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەوە دوورە و لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە، یەكەمین ناوچە كە پێیدەگات، شارەدێی پاوە و گوندی هانەگەرمەڵەیە، كە سەر بە پارێزگای كرماشانە.