سۆران

تەرزە بازاڕى جامچییەکانى گەرم کردووە

964+

ئاکام غەفور- سۆران

تەرزەبارینەکەى ئەمڕۆى سنوورى ئیدارەى سۆران، بازاڕى جامچییەکانى گەرم کردووە و چەندان ئۆتۆمبێل گەیەنراونەتە ناوچەى پیشەسازى بۆ چاککردنەوەى جامەکانیان.

40 ساڵە شتى وام نەبینیوە

دواى بارینى تەرزەکەى ئەمڕۆى سنوورى ئیدارەى سۆران، ژمارەیەکى زۆر لە هاوڵاتیان ئۆتۆمبێلەکانیان بردووە بۆ ناوچەى پیشەسازى و بازاڕى جامچییەکان گەرم بووە، چونکە بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە جگە لەوەى تەرزەکوت بوون، جامەکانیان شکاوە.

بێوار خوڕشید دانیشتوویەکى رواندزە، ئۆتۆمبێلەکەى هێناوە بۆلاى جامچییەک، چونکە بەهۆى تەرزەکەوە جامى پشتەوەى ئۆتۆمبێلەکەى بەتەواوەتى شکاوە، ئەو بە 964ـى وت،”فریانەکەوتم سەیارەکەم داپۆشم، تا هاتمە دەرەوە تەرزەکوت ببو و جامى پشتەوەشى شکابوو”.

بەوتەى رێباز قادر کە دانیشتوویەکى سۆرانە، 40 ساڵە شتى واى نەبینوە و بە 964ـى وت،”هەر ئۆتۆمبێلەکان نا، رەزو باخەکانیش زیانى زۆریان پێگەیشتووە”.

شۆفێرێکى تر کە ئۆتۆمبێلەکەى بۆلاى جامچییەک هێناوە، بە 964ـى وت،”هەرچەند ئۆتۆمبێلەکەى داپۆشیبوو، بەڵام تەرزەکە ئەوەندە گەورە و بەهێز بووە، جامەکەى شکاندووە”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

تەرزەبارینەکە سەرشکانى تێکەوت

تەرزەبارینەکە سەرشکانى تێکەوت