"بڕیارەکەی ترەمپ کاریگەر دەبێت"
رەنگە نرخی ئۆتۆمبێل لە عێراق و کوردستانیش بەرزبێتەوە
964+
محەمەد فاتیح
بەقسەی شارەزایانی ئابووری، بڕیارەکەی ترەمپ بۆ سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو، دەبێتەهۆی گرانبوونی ئۆتۆمبێل لە هەموو جیهان.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا باجی گومرگی بە رێژەی 25% بە سەر ئەو ئۆتۆمبێلانەدا سەپاند کە هاوردەی وڵاتەکەی دەکرێن، مستەفا حەنتوش شارەزای ئابووری پێیوایە ئەو بڕیارە کاریگەری لەسەر بازاڕی ئۆتۆمبێل لە عێراق و جیهان دەبێت و دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان.
مستەفا حەنتوش پسپۆڕی ئابووری و بانکی بە 964ـی وت، “بەهۆی ئەو باجەی ترەمپ لەسەر ئەو کاڵایانەی کە دەچنە ناو ئەمریکاوە، باوەڕناکەم ئەو کۆمپانیا بەرهەمهێنەرانە بتوانن نرخەکان بۆ بەکاربەری ئەمریکی بەرز بکەنەوە، بۆ ئەوەی بەدیلەکانی ناوخۆیی بە هەمان کوالێتی و بە نرخێکی کەمتر دابین بکەن، ناچار دەبن بە نرخێکی کەمتر لە نرخی پێشوتر یان بە داشکاندن بیفرۆشن، لەوانەشە ئەو کۆمپانیایانە سیاسەتی نرخدانانیان جیاواز بێت بەراورد بە وڵاتانی دیکەی جیهان، چونکە پێدەچێت لە ئەمریکا نرخەکان دابەزێنن و لە وڵاتانی دیکە بەرزیان بکەنەوە”.
رونیشیكردەوە، ئەو کۆمپانیایانە ناچار دەبن نرخەکان لە ئەمریکا دابەزێنن بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی ئەمریکی پەنا بۆ بەرهەمهێنانی ناوخۆیی نەبەن کە لە رووی کوالێتییەوە یەکسان بێت و لە نرخدا کەمتر بێت، ئەو کۆمپانیایانە نایانەوێت ئەو دۆلارە “پاک”ە لەدەست بدەن کە لە بازاڕی ئەمریکا بەدەستی دەهێنن و بەکاریدەهێنن بۆ کڕینی کەرەستەی خاو لە وڵاتانی دیکە بە ئاسانی و بەبێ سنووردارکردنی “قورس”، لەبەرامبەردا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەمە، کۆمپانیاکان پەنا دەبەن بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکان لە وڵاتانی دیکەی هاوردەکاردا .
بەقسەی مستەفا حەنتوش، کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل بەدوای دۆلاردا دەگەڕێن بۆ کڕینی کەرەستەی خاو لە وڵاتانی دیکە و فرۆشتن بە ئەمریکا، واتە بەدەستهێنانی دۆلاری راستەقینە و فەرمی بە ئاسانی و گواستنەوەی بۆ وڵاتانی دیکە بەبێ هیچ سنووردارکردنێک.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کۆمپانیایانە سەركێشی لەسەر بازاڕی ئەمریکا ناکەن کە سەرچاوەی دۆلاری سەلامەتە، بۆیە رەنگە سیاسەتی داهاتوو کەمکردنەوەی نرخەکان بێت لە بازاڕی ئەمریکادا، یان بچنە بازاڕی ئەمریکا بۆ بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی نرخەکان بۆ بەدەستهێنانی قازانج لە وڵاتانی دیکە کە دۆلارێکی بەهێزیان نییە، یان ڕەنگە سیاسەتێکی تر بگرنەبەر، ئەویش ئەوەیە کە بەشێکیان لە بازاڕی ئەمریکا بکشێنەوە و پشت بە بازاڕی ئەوروپی ببەستن، کە نمونەیەكی ئاسان نییە.