نزیکەی 10 کاتژمێر کۆبوونەوەی کردووە

فڕۆکەی نوێ هات و فەرماندەیی “سێنتکۆم” لە تەلئەبیب بووە

ئەحمەد مستەفا

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا “سێنتکۆم”، جەنەراڵ مایکل کورێللا لە تەل ئەبیب لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ئیال زامیر و بەرپرسانی باڵای ئەمنیی وڵاتەکە کۆبووەوە.

تەلەڤيزیۆنی فەڕمی ئیسرائیل KAN، بڵاویکردەوە کە پرسی کۆبونەوەکانی کورێللا و بەرپرسانی ئیسرائیل کە نزیکەی 10 کاتژمێری خایاند ئێران و حوسییەکان بووە، کە تاران پشتیوانیان دەکات.

لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە کە رەنگە سەردانەکەی کورێللا بۆ ئیسرائیل هەواڵدەری هێرشێک بێت بۆ سەر ئێران.

ئەوە لە کاتێکدا، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا “پێنتاگۆن” سەبارەت بە ناردنی هێزی ئاسمانی و فڕۆكەی جەنگی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێ، لەماوەی هەفتەی رابردوو واشنتۆن شەش فڕۆكەی بۆمبڕێژكەری لە جۆری B-2ـی گواستووەتەوە بۆ بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكا و بەریتانیا لە دوورگەی دیێگۆ غارسیا لە زەریای هیندستان.

دەشڵێن، فڕۆكەی بۆمبڕێژكەری B-2 یەكێكە لە پێشكەوتووترین فڕۆكەكانی ئەمریكا، كە تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی تێدایە و وای لێدەكات دەتوانێت لە دووژمن  بدات بەبێ ئەوەی لەلایەن رادارەوە دەستنیشان بكرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، بەڵام ڕاپۆرتە سەربازییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، واشنتۆن خۆی ئامادە دەكات بۆ كۆكردنەوەی هێزێكی زیاتر لە ناوچەكەدا، لەگەڵ ئەگەری جێگیركردنی دوو  كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەمریكی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشتر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی بۆردومانی ئێرانی کرد، ئەگەر رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتۆن نەكرێت.