سەرپێچیکاران سزا دەدرێن
لەبارەى رووماڵنەکردنى رووداوەکانى کوشتن وەڵامى داواکارى گشتیى درایەوە
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتى راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەى سلێمانى، وەڵامى نوسراوەکەى فەرمانگەى داواکارى گشتیى سلێمانى دەداتەوە و دەڵێت، هەر میدیایەک رووماڵى کوشتن بکات، لێپێچینەوەى یاسایى لەگەڵ دەکەن.
25ـى ئەم مانگە، فەرمانگەى داواکارى گشتیى سلێمانى لە نوسراوێکدا کە ئاراستەى بەڕێوەبەرایەتى راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەى سلێمانى ، لەبارەى رووماڵکردنى هەواڵى کوشتن، هۆشدارى دەدات و دەڵێت، زۆرێک لە کەناڵەکان لە کاتى رووماڵى تاوانى کوشتن، زانیارى و هەواڵى نادروست بڵاودەکەنەوە و پابەندى کارى ئیتیکى نابن، بۆیە داوا دەکەین میدیاکان پابەند بکرێن کە خۆیا بەدوور بگرن لەو جۆرە رووماڵانە، بەپێچەوانەوە رێکارى یاسایى دژ بە هەر کەناڵ و میدیایەک دەگرێتەبەر.
لە وەڵامى داواکارییەکەى داواکارى گشتى، چاپ و بڵاوکردنەوەى سلێمانى بە نوسراوێک سەرجەم میدیاى بینرا، بیستراو، پۆرتاڵ و رایەڵە ئەلیکترۆنییەکان ئاگادار دەکاتەوە، کە خۆیان بەدوربگرن لە بڵاوکردنەوە و رووماڵى هەواڵى تاوان بەتایبەتى تاوانى کوشتن و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکارى کوژراو و لێکدانەوە و شێوازى ئەنجامدانى تاوانەکە.
وەک دەڵێت ئەوەى میدیاکان دەیکەن، پێچەوانەى یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکانى هەرێمى کوردستانە و کاریگەرى دەروونى خراپى دەبێت لەسەر تاکەکانى کۆمەڵگە و بەلاڕێدابردنى رەوتى لێکۆڵنەوەکان و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندى گشتى، بۆیە بڵاوکردنەوەى ئەم جۆرە هەواڵانە پێچەوانەى مادەی سێیەم بڕگەى سێیەم لە رێنمایى رێکخستنى فریکیۆنسى سپەیس لە هەرێمى کوردستان.
جەختیش دەکاتەوە، وەزارەتى رۆشنبیرى رێکارى یاسایى بەرامبەر سەرپێچیکارانى یاسا و رێنماییەکان دەگرێتەبەر و داوا دەکات میدیاکان پابەندبن.
رێنمایى رێکخستنى فریکیۆنسى سپەیس لە هەرێمى کوردستان لەم لینکەوە ببینە:
22.3.2025، تۆڕى هەواڵى 964 وەک یەکەم دامەزراوەى میدیایى بڕیاریدا رووماڵى رووداوەکانى کوشتن بوەستێنێت، ئەم دەستپێشخەرییەى 964 وایکرد ژمارەیەک دەزگاى دیکەى راگەیاندن بڕیار بدەن رووماڵى کوشتن رابگرن، دواتریش داواکارى گشتیى سلێمانى هاتەسەرخەت و داواى کرد کەناڵەکانى راگەیاندن پابەندى یاسا و رێنماییەکان ببن و رووماڵى کوشتن رابگرن.