سەرۆکی رەوتی سەدر موقتەدا سەدر
"تا ئەوكاتەی گەندەڵی هەبێت"
رەوتی سەدر بەشداریی هەڵبژاردنی عێراق ناكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆکی رەوتی سەدر رایگەیاند، رەوتەكەیان بەشداریی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق ناكەن.
موقتەدا سەدر لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە خۆئامادەكردنی بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی عێراق، رایگەیاند، رەوتەكەیان بەشداریی هەڵبژاردن ناكات.
موقتەدا سەدر ئێوارەی دوێنێ ئەو قسانەی كرد و وتی، “سوپاسی خوا دەكەین ئێمەی لە قەومی گەندەڵكاران رزگار كرد، چونكە خوا گەندەڵیی خۆش ناوێت”.
بەڵام هەرخۆی وتی، بۆ ئەوەی هەموو بزانن، تا ئەوكاتەی گەندەڵی هەبێت، بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنێكی خواروخێچ ناكەین، كە تەنیا لە خەمی تایەفەگەری و نەتەوەیی و حزبی، زۆر دوورە لە ئازارەكانی گەل.
موقتەدا سەدر باسی ئەوەی كرد، داوا لە لایەنگرانی دەكات نە دەنگ بدەن و نە خۆیشیان كاندید بكەن.
رەوتی سەدر لە حوزەیرانی 2022 لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق كشایەوە و هەموو ئەندام پەرلەمانەكانیشی كشاندەوە، كە ژمارەیان 73 ئەندام بوو، بڕیاریان دا بەشداریی هیچ هەڵبژاردنێك نەكەن، بە وتەی خۆیان “بۆ ئەوەی لەگەڵ سیاسییە گەندەڵەكان بەشداریی نەكەن”.
بڕیارە لە ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.