شۆفێری بارهەڵگرێکیان بەخشی
لە پێنجوێن بنەماڵەیەک لە مەرگی کوڕە تاقانەکەیان خۆشبوون
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
لە پێنجوێن بنەماڵەیەک دوای یەک هەفتە لە مەرگی کوڕە تاقانەکەیان، لە شۆفێری ئەو بارهەڵگرە خۆشبوون کە لە ئۆتۆمبێلی کوڕەکەیانی دا و بووەهۆی گیان لەدەستدانی.
لە رێگەی باشماخ مێرمنداڵێک گیانی لەدەستدا
هەفتەی رابردوو لەسەر رێگای خێرای پێنجوێن بۆ دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ رووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێک لە جۆری نیسان سەنی، روویدا و شۆفێری سەنییەکە بەناوی محەمەد ئاوات کە گەنجێکی تەمەن نزیکەی 17 ساڵ بوو گیانی لەدەستدا.
هەر ئەوکات محەمەد رەحمان رێپێدراوی هاتوچۆ لە پێنجوێن بە 964ی وت، “بەگوێرەی هێڵکاری رووداوەکە، %80 خەتا لە شۆفێری بارهەڵگرەکە بووە و چووەتە سەر رێگای ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، شۆفێری بارهەڵگرەکە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ بنکەی پۆلیس.
محەمەد حەبیب مامی ئەو گەنجەی گیانی لەدەستدا، بە ناوی بنەماڵەی کۆچکردوو قسەی بۆ 964 کرد و وتی، هەر لەیەکەم ساتی رووداوەکە بڕیاریانداوە لە شۆفێری بارهەڵگرە خۆشبن، بەڵام بەهۆی پرسەوە، لێخۆشبوونەکە بۆ ئەمڕۆ دواکەوتووە.
داوایشی لە شۆفێران کرد، بە وریاییەوە شۆفێری بکەن و پابەندنی یاساکانی هاتوچۆ بن بۆ ئەوەی دوور بن لە کارەسات و رووداوی نەخوازراو.
لای خۆشیەوە حاجی نامیق رەحمان، ریشسپی بنەماڵەی بەرامبەر، بە گەرمی سوپاسی باوکی کۆچکردووی کرد و وتی، نازانن بە چ شێوەیەک قەرەبووی چاکەی ئەو خانەوادەیە بکەنەوە.
پێداچوونەوە: شۆرش قادری