ئێستا کاتی ژنانی عێراقە
ژنێکی کورد بووە سەرۆکی گەورەترین دەستپێشخەری ژنانی عێراق
ژووری هەواڵ
لە بەغدا دەستپێشخەرییەکی گەورەی ژنانە راگەیەندرا، کۆمەڵێک ژنی خاوەن ئەزموون و خاوەن قسە، کە سەرۆکایەتی رێکخراوەکانی ژنان دەکەن پێکەوە کۆبوونەوە، سەروکاری ئیشەکەشیان سپاردووە بە ژنێکی کورد.
ئەم دەستپێشخەرییە بۆ ئەوەیە ژنانی عێراق لە بوارەکانی حوکمڕانی و سیاسەت و ئیدارەداندا رۆڵی زیاترین هەبێت و خاوەن بڕیار بن.
دەستپێشخەرییەکە ناوی لێنراوە ئێستا کاتی ژنانی عێراقە
دەستپێشخەرییەکە ناوی لێنراوە (ئێستا کاتی ژنانی عێراقە) لە راگەیەندراوەکەیاندا هاتووە ”ئامانجمان ئەوەیە یەکسانی کۆمەڵایەتی بەدی بێت و کۆمەڵگایەک بێتە ئاراوە ژن و پیاو تیایدا هاوبەش بن و وابکەین ژنان بگەنە ناوەندەکانی بڕیارو مافە بنەڕەتییەکانیان بچەسپێت”.
وابکەین ژنان بگەنە ناوەندەکانی بڕیارو مافە بنەڕەتییەکانیان بچەسپێت
12 ژن کە هەموویان پێشتر قەرار بەدەست بوون لەم دەستپێشخەرییەدان، ئێستا ئەو ژنانە هەموویان سەرۆکی رێکخراوەکانی ژنانن.
خانم رەحیم ژنێکی لێوەشاوەو دیاری کوردو چەند ساڵە لە بواری مافەکانی ژناندا کاردەکات و سەرۆکی رێکخراوی ئاسوودەیە کە یەکێکە لە رێکخراوە هەرە دیارەکانی ژنان، ئەو کراوەتە سەرۆکی دەستپێشخەرییەکە.
خانم رەحیم بە 964ی وت ”دەمانەوێت فشار بخەینە سەر هێزە سیاسییەکان، ئەو ژنانەی دەنێردرێنە پەرلەمان ژنانی بەتوانا بن و بە شێوەیەکی گونجاو رۆڵی خۆیان بگێڕن ئاگایان لە مافەکانی ژنان و منداڵان بێت و لە حکومەتی داهاتوو ناوەندەکانی بڕیاریشدا ژنان رۆڵی خۆیان بگێڕن”.
دەمانەوێت لە حکومەتی داهاتوو ناوەندەکانی بڕیاریدا ژنان رۆڵی خۆیان بگێڕن
خانم رەحیم سەروو 25 ساڵە لە بواری مافەکانی ژنان چالاکە، ساڵی 2016 لە ئەمریکا خەڵاتی ژنانی سەرکردەی پێ بەخشرا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ساڵانی 2018 هەتا 2022 راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق بوو بۆ کاروباری ژنان، دوای ئەوەش گەڕایەوە سەر کارەکەی خۆی کە سەرۆکی رێکخراوی ئاسوودەیە.