تیرۆریستێک لە سنوورى سلێمانى دەستگیرکرا

964+

وریا فەتاح

دەزگاى دژەتیرۆرى عێراقى بڵاوى کردەوە، توانیویانە لە ئۆپەراسیۆنێکدا دوو تیرۆریست دەستگیربکەن کە یەکێکیان لە سنوورى سلێمانى بووە.

دەزگاکە لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردووەتەوە، بە پشتبەستن بە زانیاری دروست و بە هاوکاری بەرێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، توانرا تیرۆریستێک لە پارێزگاى سلێمانى دەستگیر بکرێت.

دەشڵێت: لە چالاکییەکى تردا و بەهەماهەنگى لەگەڵ دەزگاى هەواڵگرى کاروبارى فیدڕاڵى، توانرا لە پارێزگاى سەڵاحەدین تیرۆریستێک دەستگیر بکرێت.

هەروەک جەختیش کراوەتەوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا، توانیویانە چوار حەشارگە و تونێلێک و ئەشکەوتێکى تیرۆریستان لە سنوورى نێوان کەرکوک و سەڵاحەدین بتەقێننەوە و لەناویان ببەن.

لاى خۆیەوە، سەلام عەبدولخالق، وتەبێژى دەزگاى ئاسایش بە 964ـى وت،” لە رابردووشدا ئەو جۆرە هەماهەنگیانەمان هەبووە لەگەڵ دەزگاى هەواڵگرى و ئاسایشى نیشتمانى، بەتایبەت بۆ دەستگیرکردنى داواکراوانى ئەندامانى داعش”.

دەشڵێت: ئەو تۆمەتبارانەى داواکراون و لە سنوورى سلێمانى خۆیان حەشارداوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئۆپەراسیۆنەکانى ئاسایش دەستگیر دەکرێن.

دژەتیرۆر: دوو تیرۆریستمان لە کەرکوک دەستگیر کرد

دژەتیرۆر: دوو تیرۆریستمان لە کەرکوک دەستگیر کرد