ژمارەیەک چەکداری حوسی. فۆتۆ: REUTERS
دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە
شانەی راگەیاندنی ئەمنی: هیچ حوسییەک لە سەربازگەی ئەشرەف نییە
ژووری هەواڵ
ماوەی چەند رۆژێکە دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە گوایە ژمارەیەک چەکداری حوسییەکان لە سەربازگەیەکی سەر بە حەشدی شەعبی لە دیالە بوونیان هەیە، بەڵام شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رەتیدەکاتەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە بوونی ژمارەیەک چەکداری حوسییەکان لە سەربازگەیەکی سەر بە حەشدی شەعبی لە دیالە دەکەن.
دەنگۆی بوونی چەکداری حوسییەکانی یەمەن چەند رۆژێکە لە پلاتفۆرمەکاندا هەیە، گوایە حوسییەکان سەربازگەی ئەشرەفیان لە ناوچەی خاڵسی پارێزگای دیالە بەکارهێناوە بۆ راهێنان.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی داوا دەکات، میدیا و هاوڵاتیان وردبن لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان.
بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانە هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر حوسییەکان، لە 17ـی ئەم مانگەش وەزیری بەرگری ئەمریکا تەلەفۆنی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە وتویەتی، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بۆ سەر چەکدارە حوسییەکان.