رێوڕەسمی چوارشەممە سووری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
زیاتر لە 6400 کەسیش بریندارن
چوارشەممە سووری ئێران کارەساتی نایەوە؛ 21 کەس گیانیان لەدەستداوە
964+
شۆڕش قادری
رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سووری لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کارەساتیان نایەوە و بەهۆیانەوە 21 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە شەش هەزار و 400 کەسیش برینداربوون.
ئێوارەی کۆتا سێشەممەی هەموو ساڵێک، لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک ئاگر دەکەنەوە و تا بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، ئاهەنگ دەگێڕن و خۆشی و شادی خۆیان دەردەبڕن کە پێی دەوترێت، جەژنی چوارشەممە سووری و زیاتر نەریتی فارسەکانە، لە رێوڕەسمەکەدا جگە لە یارییە ئاگرینەکان و تەقاندنی تۆقتۆقە، لە هەندێک شوێن خەڵک بەسەر ئاگردا باز دەدەن، بەمەبەستی سووتاندنی بەختی خراپ و نەهامەتی و لەبیرکردنی ئەو رووداوە ناخۆشانەی بەسەریان هاتووە و هیوا بۆ ساڵێکی باشتر دەخوازن.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری جەفەر میعادفەڕ سەرۆکی رێکخراوی فریاگوزاری ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە رێوڕەسمەکانی چوارشەممە سووری ئەمساڵ، 21 کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش هەزار و 419 کەسیش برینداربوون، پشکی شێریش بەر پارێزگای تاران کەوتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، 44٪ـی ئەو کەسانە تەمەنیان لەژێر 18 ساڵەوەیە و بەراورد بە ساڵی رابردووش ئامارەکە 23٪ زیادیکردووە.