هەموو کارمەندەکانى لە کارکردن راگیراون

دەنگى ئەمریکا لە کارکردن راوەستا

964+

وریا فەتاح

بەپێى بڕیارێکى سەرۆکایەتى دەنگى ئەمریکا، هەموو کارەکانى دەنگى ئەمەریکا راگیران و سەرجەم کارمەندانى بە بەڕێوەبەرى گشتیى دەزگاکەشەوە لە کارکردن راگیراون.

سەرچاوەیەکى نزیک لە دەنگى ئەمریکا بە 964ـى وت،”بەپێی بڕیارەکەی سەرۆکایەتی، هەموو کارەکانی دەنگی ئەمریکا بۆ ئێستا راگیراون بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکاشەوە”.

وەک باسى دەکات، تەواوی کارمەندانی دەنگی ئەمریکا بە بەڕێوبەری گشتی دەنگی ئەمەریکاشەوە لە کارکردن راگیراون و پێدەچێت هەتا پێداچوونەوەی تەواو دەکرێت و بڕیاری کۆتایی دەدرێت لەسەر شێوازی کارکردن و کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندانی دەنگی ئەمەریکا، بەم شێوازە بمێنێتەوە.

بە وتەى ئەو سەرچاوەیە، لە تەواوی بەشەجیاوازەکانی دەنگی ئەمەریکادا کارکردن راوەستاوە، هەنگاوی داهاتوو چی دەبێت و چۆن دەبێت هێشتا نادیارە و پێویستە چاوەڕوان بن.

بەشى کوردى دەنگى ئەمریکا لە دوێنێ شەممە 15.3.2025ـەوە کارەکانى راگرتووە و دواین بابەت کە بڵاوى کردووەتەوە، فەرمانى دۆناڵد ترەمپە کە رۆژى 14ـى مانگ دەریکردووە و تێیدا هاتووە.

ترەمپ لە رۆژى 14ـى مانگ فەرمانێکى واژۆکرد کە ئامانج لێی سنووردارکردنی چالاکییەکانی حەوت دەزگای فیدراڵییە، لەوانە ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی (USAGM) کە سەرپەرشتی دەنگی ئەمەریکا، رادیۆی ئەوروپای ئازاد/رادیۆ لیبرتی و دەزگاکانی دیکەی میدیای فیدراڵی دەکات.

ئەم فەرمانە چەندین لایەنی دیکەی کردۆتە ئامانج، لەوانە دەزگای نێوەندگیری و سازانکاری فیدراڵی کار، سەنتەری نێودەوڵەتی وودرو ویلسۆن بۆ زانایان لە دامەزراوەی سمیتسۆنیەن، پەیمانگای خزمەتگوزاری مۆزەخانە و کتێبخانە، ئەنجومەنی نێوان دەزگاکانی ئەمەریکا بۆ بێ ماڵ و حاڵەکان، سندوقی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و دەزگای پەرەپێدانی بازرگانی کەمینەکان.

بەپێی فەرمانی جێبەجێکاری نوێی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، “سەرۆکی هەر دەزگایەکی حکومی کە لەو لیستەدا ناوی هاتووە، دەبێت لە ماوەی حەوت رۆژدا لە بەرواری دەرکردنی ئەم فەرمانە، راپۆرتێک پێشکەش بە بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەڕێوەبردن و بودجە بکات کە پابەندبوونی تەواو بەم فەرمانە نیشان بدات و روونی بکاتەوە کە کام پێکهاتە یان ئەرکەکانی دەزگای حکومەت، ئەگەر هەبن، لەڕووی یاساییەوە پێویستە و تا چەندە”.

ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی دەزگایەکی سەربەخۆی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە و سەرپەرشتی پەخشی هەواڵ و زانیاری دەکات بە زیاتر لە 50 زمان، لەوانە کوردی، فارسی، تورکی و زمانەکانی دیکە.