بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە
لە پێشانگەی ئۆتۆمبێل شەڕ روویدا و پێنج کەس بریندارن
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە ناو پێشانگای ئۆتۆمبێل لە دهۆک شەڕ لە نێوان چەند گەنجێک روویداوە و پێنج کەس بریندار بوون. وتەبێژی بنکەی تەندروستی 122ی دهۆکیش دەڵێت، بریندارەکان رەوانەی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادی کراون.
شەوی شەممە 15.3.2025، لە نزیک کاتژمێر 11:45 خولەک،شەڕێک لە نێوان چەند گەنجێکی خەڵکی دهۆک و کوردی رۆژئاوا لە ناو پێشانگای ئۆتۆمبێل روویداوە، بەهۆی شەڕەکەوە پێنج کەس بریندار بوون.
هەیسەم بەربهاری، وتەبێژی بنکەی فریاکەوتنی 122 لە پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، چەند کەسێک پەیوەندییان بە ژووری کۆنترۆڵەوە کرد لە شوێنی رووداوەکە و ئاگادارکراینەوە، کە لە پێشانگایەکی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری دهۆک شەڕ روویداوە.
بە قسەی بنکەکە بێت، برینی بریندارەکان سووکن و لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادی چارەسەری وەردەگرن، وتەبێژەکە باس لەوەکرد، تا ئێستا هۆکاری شەڕەکە نەزانراوە، پۆلیسیش لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا