رۆژانە نزیکەی 30 کیسە زبڵ کۆدەکاتەوە
مامۆستایەک دوو رەمەزانە رۆژانە دەوروبەری شاری دهۆک پاک دەکاتەوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
مامۆستایەکی شاری دهۆک دوو رەمەزانە دەوروبەری شارەکە لە زبڵ و خاشاک پاک دەکاتەوە، ئەو دەڵێت، هەموو رۆژێک بۆ ماوەی زیاتر لە شەش کاتژمێر خەریکی پاکردنەوەم.
سەدیق جەلالەدین، دانیشتووی پاڕێزگای دهۆکە و 12ساڵە پیشەی مامۆستای هونەرە لە ئامادەیی تەناهی کوڕان سەر پەروەردەی قەزای سێمێل و ژینگەپارێزێکی دڵسۆزە بۆ وڵاتەکەی.
مامۆستا سەدیق بە 964ـی وت کە چۆن ئەم بیرۆکە بۆ هاتووە، “لە ساڵی رابردوو 2024 پێش جەژنی رەمەزان چووینە گەشتێکی قوتابخانە کە گەیشتینە شوێنەکە هەمووی زبڵ و خاشاک بوو، بۆیە دەمودەست کە ئەو ژینگە پیسەمان بینی بڕیارماندا مامۆستا و قوتابی پێکەوە شوێنەکە پاک بکەینەوە و دوایی گەشتەکەمان کرد”.
وتیشی، بەهۆی خۆشەویستیم بۆ وڵاتەکەم و دوای ئەو گەشتەی خۆمان بیرۆکەی ئەوەم هەبوو هەموو رەمەزانێک بچمە دەرەوە بۆ پاککردنەوەی ناوچەکانی دەورووبەری شار، بەڵام لە ساڵانی پێشوودا هەر بە تەنیا ناوچەکانی دەوروبەری شارەکەم پاک دەکردەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوام دەبێت له پاککردنەوە و داوا له هاوڵاتیان دەکات دوای کۆتاییهاتنی گەشتەکەیان شوێنەکانیان پاک بکەنەوە، چونکە رۆژانه زیاتر له 20 بۆ 30 کیسی گەورەی زبڵ و خاشاک کۆدەکاتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی