دیمەنی یەکێک لە زەوییە کشتوکاڵیەکانی ناحیەی سەرگەڕان.
بڕیاری 3ی ساڵی 2025
وەزارەتی داد لیژنەی بۆ جێبەجێكردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوی و موڵكە داگیركراوەكان دیاریی كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی داد پێکهێنانی لیژنەیەکی راگەیاند بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2025 سەبارەت بە گەڕانەوەی زەوی و خانووبەرە بۆ خاوەنەکانیان، کە بەم دواییە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەرچووە، هاوکات ئەو ماوەیەی دیاریكرد، کە جێبەجێكردنی بڕیارەكە پێویستە.
وتەبێژی وەزارەتی داد، ئەحمەد لوعەیبی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: “لیژنەکە تاوتوێی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2025ی کرد، سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی زەوی و خانووبەرە بۆ خاوەنەکانیان، هەروەها جەختی لەسەر دەرکردنی رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە کردەوە لە ماوەی شەش مانگدا”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “لیژنەکە لەلایەن زیاد ئەلتەمیمی بریکاری وەزارەتی داد سەرپەرشتی دەکرێت و ئەندامیەتییەکەی بریتییە لە دیوانی چاودێری دارایی و ئەمینداریەتیی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کشتوکاڵ”.
سەبارەت بە قسەکردن لەسەر بڕیارنامەی ژمارە (29)ی ئەنجومەنی وەزیران لە ساڵی 2012، وتەبێژی وەزارەتی داد روونیکردەوە، “هێشتا رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە تەواو نەبوون، هەروەها راسپاردەیەک ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کراوە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتیی بەشی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە مەبەستی دیراسەکردنی بارودۆخی هەر حاڵەتێکی کشتوکاڵ و رێگەدان بە هاوڵاتیان بۆ ئەنجامدانی كاری کشتوکاڵی خۆیان و نەبوونی بەربەستێکی یاسایی لەبەردەم ئەمەدا”.
لە بڕیارنامەی ژمارە (29)ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2012دا هاتووە، ئەو هاوڵاتیانەی پێش 1.1.2012 بە شێوەیەکی نایاسایی زەوییە کشتوکاڵییەکان داگیرکردووە، رێگەیان پێدەدرێت لەوێ بمێننەوە و كارە کشتوکاڵییەکانیان بەپێی رێسا و یاسا کارپێکراوەکان ئەنجامبدەن، بە مەرجێک ئەمە ناکۆکی نەبێت لەگەڵ پلاندانانی بیناسازیی دەوڵەت، یان ئەو زەوییانە نەچنە چوارچێوەی پڕۆژە ستراتیژییە پەسەندکراوەکان یان پلانەکانی داهاتوو.
هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ بەیاساییکردنی مەرجی ئەو کەسانەی کە لەم بڕیارەدا هاتوون، هەروەها مافی بەکارهێنانی زەوییەکانیان پێدەبەخشێت بە پێی ئەو کۆنتڕۆڵ و مەرجانەی کە وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان دیارییان کردووە.
بەشێك لەو زەوییانەی پێویستە بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەكانیان، لە ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و زەویی جوتیارانی كوردن و دەكەونە سنووری ماددەی 140.
لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، سوپای عێراق هێرشی كردەسەر ژمارەیەك جوتیاری كورد لە گوندی شەناعەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان، كە دەیانویست زەوییەكانیان بكێڵن، لە یەكێك لە دیمەنەكانیش سەربازێك جوتیارێك لە ملپێچەكەی لەسەر تراكتۆرەكەی رادەكێشێت، ئەمە كاردانەوەی توندی لێكەوتەوە لە لایەن سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی كوردستان و هاوڵاتیانی كوردستان، جیا لەوە ئەم رووداوە وایكرد بڕیاری گەڕاندنەوەی زەویوزاری دەستبەسەرداگیراوی كوردان بە بڕیاری رژێمی پێشووی بەعس، كە پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای ئەم ساڵ پەسندی كرد، لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاوبكرێتەوە و دەست بە جێبەجێكردنی یاساكە بكرێت
سەرگەڕان
سكاڵاكار ئامادە نەبوو
جارێكی دیكە دادگاییكردنی جوتیارە كوردەكەی سەرگەڕان دواخرا
بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێک پێکیاندادا
شۆفێرێکی خەڵکی موسڵ لە سەرگەڕان گیانی لەدەست دا
دۆسیەکەشیان بەیەکجاری داخرا
هەرسێ جوتیارەكەی سەرگەڕان بێ تاوان دەرچوون و ئازادکران
کێشەکان بەردەوامن
جارێکی دیکە سوپا چووەتە سەر گوندی شەناغە
جوتیارەکەی سەرگەڕان