ویستراوە لە بازاڕ ساغ بکرێتەوە

لە سنە 11 تۆن گۆشتی هێستر دەستی بەسەرداگیراوە

شۆڕش قادری

لە ماوەی نزیکەی یەک ساڵدا 11 تۆن گۆشتی هێستر لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی بەسەرداگیراوە، کە کەسانێک ویستوویانە لە بازاڕ ساغی بکەنەوە و بیفرۆشن.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری کامەران زیباکردار بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتەرنەری پارێزگای سنە بڵاویکردەوە، لە 21.3.2024 تا ئەمڕۆ، 11 هەزار کیلۆ گۆشتی هێستر لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو پارێزگایە دەستی بەسەرداگیراوە و لەناوبراوە کە ویستراوە لە بازاڕدا بفرۆشرێت و ساغ بکرێتەوە، لە پەیوەندی بەو بابەتەش 32 کەس دەستگیر کراون و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەکانیان بەردەوام پشکنین و بەدواداچوون بۆ گۆشتفرۆش و چێشتخانە و مارکێتەکان دەکەن و لەو شوێنانە، بوونی گۆشتی هێستر بەدینەکراوە.

بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری پارێزگای سنە داوایشی لە خەڵک کردووە، خۆیان بپارێزن لە کڕینی گوشتی سەر جادەکان و گۆشتفرۆشە گەڕۆکەکان و ئەگەر حاڵەتێکی گوماناوییان بینی، لیژنەکانیان ئاگادار بکەنەوە.