"خەڵکی هەولێرە و هەردوو دەستی لەدەستداوە"
لە خانەقین مینێک تەقییەوە و ئەندامێکی پاسەوانی سنوور برینداربوو
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
لە خانەقین و لەسەر سنووری ئێران مینێک تەقییەوە و بەهۆییەوە، ئەندامێكی پاسەوانی سنووریی عێراق کە خەڵکی هەولێرە، برینداربوو و هەردوو دەستی لەدەستدا.
سەرچاوەیەک لە پاسەوانیی سنووریی عێراق بە 964ـی وت، تەقینەوەیەک لە ناوچەی قەڵەمە لە باکوری خانەقین و لە نزیک پەروێزخان هاوسنوور لەگەڵ وڵاتی ئێران روویداوە و تیایدا یەکێک لە پاسەوانانی فرقەی یەکی لیوای هەشت بریندار بووە”.
لەوبارەیەشەوە، د. شوان شاکر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خانەقین بە 964ـی وت، بریندارەکە ناوی (ع، ج، ئـ) و لەدایکبووی ساڵی 2002 و دانیشتووی شاری هەولێرە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکە بەشێکی زۆری جەستەی سووتاوە و هەردوو دەستی لێبووەتەوە، لەئێستاشدا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.
هەر ئەمڕۆ لە چیاى رۆڵەى نزیک گوندى دەرگەڵە لە سنوورى قەزاى رواندز مینێک تەقییەوە و پیاوێکی تەمەن 58 ساڵ، گیانى لەدەستدا.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری