دوو هێلیکۆپتەری ئەمریکا و سەربازێکی ئەو وڵاتە لەکاتی ئەرکدا لە سوریا. فۆتۆ: رۆیتەرز
لە 10 رۆژدا
ئەمریکا 72 فڕۆکە و بارهەڵگر کەلوپەلی سەربازی بۆ رۆژئاوای کوردستان ناردووە
ژووری هەواڵ
لە ماوەی 10 رۆژدا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شەش فڕۆکە و 66 بارهەڵگر کەلوپەلی سەربازیی رەوانەی بنکەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کردووە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، کەلوپەلە سەربازییەکانی هاوپەیمانان، لەڕێگەی دەروازەی وەلیدی سنوورییەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستانەوە، بە بارهەڵگر رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کراون.
هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەکە، لەماوەی ئەو 10 رۆژەدا، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی راهێنانی سەربازییان بە فیشەکی زیندوو ئەنجامداوە، کە چەکی قورسیشی تیادا بەکارهاتووە، ئەمەش بەمەبەستی بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان هێزە بەشدارەکان و بەرزکردنەوەی ئامادەباشییانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، دۆخی ئەمنی و سیاسیی سووریا و رۆژئاوای کوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێوە، ئەمریکاش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە رێگەی سەربازی بوونی هەیە لە وڵاتەکە.