گرێبه‌ستیان واژۆ كرد
عێراق به كۆمپانیایه‌كى به‌ریتانی پەرە به چوار کێڵگەی نه‌وتی کەرکوک ده‌دات
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
وەزارەتی نەوتی عێراق ده‌ڵێت، گرێبەستێکیان بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نه‌وتییه‌کانی کەرکوک له‌گه‌ڵ كۆمپانییه‌كى به‌ریتانى واژۆ كردووه و ئه‌مه به‌ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره ده‌زانێت.
ئه‌و كێڵگه نه‌وتیانه‌ى كارى په‌ره‌پێدانیان بۆ ده‌كرێت بریتین له ئاڤانا، بای حه‌سه‌ن، بابا گوڕگوڕ و جه‌مبور ئه‌و كۆمپانیایه‌ش گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كراوه کۆمپانیای بی پی به‌ریتانیه.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه له راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه، وەزارەته‌كه بە نوێنەرایەتی کۆمپانیای نەوتی باکور و غازی باکور، گرێبەستێکی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکوک كه پێكهاتون له ئاڤانا، بای حەسەن، بابا گوڕگوڕ و جەمبور لەگەڵ کۆمپانیای بی پی به‌ریتانی، بە سەرەتای ناوەوە واژۆکرد.
حەیان عەبدولغەنی، وه‌زیری نه‌وت و جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە جەختی لەسەر پەرۆشی وەزارەتەکەی کردەوە بۆ زۆرترین سەرچاوەی نەوت و گاز لە عێراقدا، کە ئەوەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر زۆرترین سەرچاوەی دارایی بودجەی فیدڕاڵی.
ئاماژەی بەوەشکرد، واژۆکردنی گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکور دەستکەوتێکی گەورەیە، بۆ شانازیی وەزارەت و کۆمپانیاکە، بەتایبەتی دوای ماوەیەک لە ڕاگیران.
وه‌زیری نه‌وت باسی له‌وه‌شكرد، کارەکانی گەشەپێدان و نۆژەنکردنەوە بڕی بەرهەمهێنانی نیشتمانی زیاد دەکات، هەروەها وەبەرهێنان لە غاز و زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی ئەویش بۆ پاڵپشتی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، ستایشی كاره‌كانی هەمو ئەو لایەنانەی کرد کە بەشداربون لە گەیشتن بەو دەستکەوتە.
گرێبەستەکە نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کەرکوک لەخۆدەگرێت، ئەوە جگە لە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی دامەزراوەکانی غاز لە کۆمپانیای غازی باکور.