گیایەکی بەهارییە
نۆبەرەی گۆرمزە هاتە بازاڕ و بەر ناکەوێت
964+
ئاکام غەفور- سۆران
نۆبەرەی گیا بەهاری گۆرمزە کەوتووەتە بازاڕی سۆران و خواستێکی زۆری لەسەرە و کیلۆشی بە دوو هەزار دینارە.
گۆرمزە یان گۆڵمزە، گیایەکی بەهارییە، تەمەنێکی کورتی هەیە، لە ناوچەکانی کوردستان دەڕوێت، بەشێکی زۆری خەڵکی بۆ خواردن بەکاری دەهێنن، هەر وەک مام رەمەزان دەڵێت، خۆشترین خواردنە بەلای بەتەمەنەکانی کوردستان.
رەمەزان رۆستایی، فرۆشیاری گیا بەهاریەکانە لە سۆران بۆ 964 وتی، ”گۆرمزە تازە هاتووە بۆ بازاڕ، ساڵانە نزیکی مانگی ئادار پەیا دەبێت، ئەگەر گیایەکە زۆر بێت ئەوە نرخەکەی دادەبەزێت بەڵام ئەگەر کەم بێت نرخەکەی هەر لە دوو هەزار دینار دەمێنێتەوە”.
وەک باسیشی دەکات، لە دوای خاوێن کردنەوەی و کوڵاندنی لەگەڵ هێلکە و رۆن سوور دەکرێتەوە، بۆ خواردن ئامادە دەبێت.
بەلای رەمەزانەوە، گورمزە خۆشترینە لە گیا بەهارییەکان و لەلایەن خەڵکیشەوە خواستی زۆری لەسەرە، سوودێکی زۆریشی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر